گۆڕان: به‌م نزییكانه‌ پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌

به‌رپرسی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، به‌م نزییكانه‌ پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه‌. له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستانیش، ئه‌و به‌رپرسه‌ی گۆڕان گوتی، “گۆڕان پێشنیاری كردووه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێته‌ فره‌بازنه‌یی”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، یاسین حه‌مه‌ عه‌لی، به‌رپرسی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دووقۆڵی له‌نێوان هه‌ردوو حزبدا، به‌رپرسی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، “ئه‌و شته‌ نوێیه‌یه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت پێتان (رۆژنامه‌نووسان) بڵێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌م نزییكانه‌ كۆده‌بنه‌وه‌”.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، یاسین حه‌مه‌ عه‌لی راگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشنیاری بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ “هه‌ڵبژاردن بكرێته‌ فره‌ بازنه‌یی و تۆماری بایۆمه‌تری بكرێت”. به‌گوته‌ی یاسین حه‌مه‌ عه‌لی، گۆڕان داوای كردووه‌ یاسای ئێستای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌مواربكرێته‌وه‌ یان یاسایه‌كی نوێ ده‌ربچێت.

له‌باره‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ژماره‌ی كورسی پێكهاته‌كان، كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، سه‌عدی پیره‌رایگه‌یاند، پێویسته‌ پێكهاته‌كانی مه‌سیحی و توركمان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ده‌نگده‌رانیان بن، نه‌ نوێنه‌ری پارتی و نه‌ هی یه‌كێتی بن، به‌رپرسی ژووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، “گۆڕان پێشنیازی کردووە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و پێکهاتەکانیش لە هەڵبژاردندا تۆمار و بنکەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.”

هه‌ر له‌باره‌ی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌كان، به‌رپرسه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “په‌یامی ئێمه‌ وه‌كو گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی نێو هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌، به‌وانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتن و به‌وانه‌ش كه‌ له‌ ئۆپۆزیسیۆنین، هه‌موومان به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شمان له‌سه‌ر شانه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوا و پێداویستییه‌كانی هاونیشتمانییانی هه‌رێمی كوردستان. له‌ پێشی هه‌موویانه‌وه‌ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ سێ لایه‌نین حكومه‌تمان پێكهێناوه‌ و كێشه‌ بۆ میكانیزمه‌كانی حكومه‌ت دروستبووه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ خراپه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی”.