محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک:دەبێت بارودۆخی کەرکووک بۆ پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە دیدارێکدا ڕایدەگەیەنێت: بڕیارە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەین لە کەرکووکیش ھەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەی پارێزگارێکی شەرعی بۆ شارەکە دابنرێت. چونکە لە ٢٠٠٥ـەوە ھەڵبژاردن لەو شارە نەکراوە. گوتیشی: ئەو تەعریبەی ڕژێمی بەعس کردی زۆر کەمترە لەوەی کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کراوە، ئێستە چەندین گەڕەکی نوێ دروست کراون، عەرەبی ھاوردە ھێنراونەتە شارەکە و لەو گەڕەکانە نیشتەجێ کراون و زەوی کورد داگیر دەکەن.

دوای ساڵی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە، لەبەر ئەوەی ھەموو جار لە یاسای ھەڵبژاردنەکان کەرکووکیان بێبەش دەکرد و مافی دەنگدەریان پێشێل دەکرد، دواجار دادگای فیدراڵی خاڵی یەکەم و دووەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بە کەرکووک.

  • ئێستە بارودۆخی کەرکووک چۆنە؟
  • بارودۆخی کەرکووک ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت، دژە تیرۆری عێراقی، حەشدی شەعبی، تاوەکو ئێستە لەناو شاری کەرکووکن و بازگە دادەنێن. بارەگا و ماڵەکانیان داگیرکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بارودۆخی کەرکووک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر زۆر باش بوو، پارێزگار کورد بوو، بەڕێوەبەری زۆربەی فەرمانگەکان کورد بوون. بەڵام ئێستە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی دیکەیە، زۆربەی بەڕێوەبەرە کوردەکان دەرکراون، پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە دژی کورد بڕیار دەدات، کورد دەربەدەر دەکات و لێ ناگەڕێ کاری خۆیان بکەن.
  • کەواتە دەبێت چ بکرێت؟
  • یەکەم جار دەبێت بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە، سوپا لەناو شار نەمێنێت، دوای ئەوە دەبێت حیزبەکان بگەڕێنەوە شارەکە و بارەگاکانیان وەربگرنەوە. ئێستە بارەگاکانی پارتی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر کراون. دەبێت پۆلیس ئەمنییەتی شارەکە بگرێتە ئەستۆ، ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونکە ھێزی پێشمەرگە بوو نەیھێشت کەرکووک وەکو مووسڵ و شوێنەکانی دیکە بکەوێتە دەست داعش.
  • پارتی بۆ ناگەڕێتەوە کەرکووک؟
  • پارتی ھەروا بە ئاسانی ناگەڕێینەوە بۆ کەرکووک، کە نەتوانین خۆمان بپارێزین، بە سەربەرزانە نەبێت ناگەڕێینەوە. چونکە پارتی ھەمیشە سەربەرز بووە و بە سەربەرزیش دەگەڕێینەوە بۆ شارەکە، دەبێت ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی ئێمە بشەکێتەوە، خەڵکی خۆمان لە کەرکووک و دەوروبەری دڵنیا دەکەمەوە گەڕانەوەی ئێمە نزیک بۆتەوە؛ شوێنی فەرمی ئێمە وەکو لقی سێ شاری کەرکووکە، جەماوەرەکەمان لەناو کەرکووکە، بۆیە دەبێت ھەر بگەڕێینەوە شارەکە، ھەروەھا ئەو حیزبانەی لەگەڵ پارتی لەو شارە نەماون ھاوپەیمانی پارتی بوونە دەبێت ئەوانیش بگەڕێنەوە و بارودۆخی شارەکە بۆ پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر بگەڕێتەوە.
  • خەڵک تا چەند داوای گەڕانەوەی پارتی دەکەن؟
  • خەڵک زۆر بە پەرۆشە بۆ گەڕانەوەی پارتی، خەڵک دڵخۆش دەبێت بە گەڕانەوەی پارتی، پارتی بە خاوەنی خۆیان دەزانن، چونکە دەزانن چەند زووتر بگەڕێینەوە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.
  • ئایا پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە بە کەرکووکیشەوە؟
  • بڕیارە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت، لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵدەبژێردرێت. ئێمە لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت کە لە ٢٠٠٥ـەوە ھەڵبژاردن لەو شارە نەکراوە. لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردنێکی پاک بێت، ھەموو چین و توێژەکان بەشدار بن، ئەو کاتە ئەنجوومەنێکی نوێ بۆ کەرکووک ھەڵدەبژێردرێت و لە ڕێگای ئەو ئەنجوومەنەوە پارێزگارێکی شەرعی بۆ شارەکە دادەنرێت بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکە بکات نەک وەکو ئێستە تەنھا خزمەتی چینێک بکات، بۆیە ھەڵبژاردن بە ھەر شێوەیەک بێت ئێمە ڕازین، بەڵام پێمان باشە یەک بازنەیی بێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی شارەکەیە.
  • ئایا ئێوە وەکو کورد ترستان لە گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆماری دەنگدەران نییە؟
  • بێگومان، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن لەسەر تۆماری دەنگدەرانی پێشوو بکرێت نەک لەسەر ئەو تەعریبەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کراوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین کەرکووک بۆ کەرکووکیەکان بێت، ئەوانەی خەڵکی شارەکانی دیکەنە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ دەنگی خۆیان بدەن، نەک دیمۆگرافیای کەرکووک بگۆڕن.