بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان:کردنەوەی بانكی نیشتمان دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئابووری كوردستان

كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کردنەوەی پێشینەكان بۆ هاووڵاتیان و واڵاکردنی دەرگا بۆ بانكەكان تا بکرێنە سیستەم و بە بانکە عێراقی و جیهانییەکان ببەسترێنەوە و ئەمانەش هەمووی هۆکارن بۆ گەشەسەندنی ئابووری و بەهێزکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمەکەمان.

لە گفتوگۆیەکدا بۆ پێگەی فەرمی حكوومەت، مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە زانیاریی زیاتری خستەڕوو:

کارەکانی بانكی نیشتمان بە کوێ گەیشتووە؟
بانكی نیشتمان بانكێكی حكومییە، بە یاسای بانكی ناوەندی عێراقی دادەمەزرێت، ڕێكارەكانی دامەزراندنی دەست پێ كراوە و كارەكانی لە هەرێم بە سەرمایەی نزیک بە ٢٥٠ ملیار دینار كۆتایی هاتووە، و ٢٥ ملیار دیناریشمان بە کاش لە بانكی ناوەندی عێراقی لە هەولێر داناوە، تەنیا لەسەر بانكی ناوەندی عێراقی ماوەتەوە كە مۆڵەتمان پێ بدات بۆ ئەوەی كارەكانمان ئەنجام بدەین و دەست پێ بكەین.

سوودی بانكی نیشتمان بۆ هاووڵاتیان چییە؟
كە مۆڵەت لە بانكی ناوەندی عێراقی وەردەگرین، واتە هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامی دەدات لە رووی رێنمایی و یاساوە ئێمەش لە بانكی نیشتمان جێبەجێی دەكەین، سوودەکەشی ئەمانەن:
ـ گشت پێشینەكان بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكاتەوە.
ـ دەرگا وڵا دەكات تا بانكەكانی هەرێم بكرێنە سیستەم.
ـ واڵاکردنە دەرگا بەڕووی دەرەوە و جیهان
ـ کارکردن لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتیانەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكەن
ـ لە هەرێمی کوردستان ٩٤ بانك هەیە، بە کردنەوەی بانكی نیشتمان، ڕێژەی بەشێک لە فەرمانبەران كەم دەبێتەوە.
ـ بانكی نیشتمان ده‌بێته‌ دەرگایەک بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دروستبوونی متمانە بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی.
ـ مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پاره‌ی نه‌وت لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌رج ده‌كرێت، بانکی نیشتمان ئەمەش چارەسەر دەکات.

بوونە ئەندامی بانکی ناوەندی عێراق چ سوودێکی هەیە؟
ئێستا بەهای دۆلار رۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە، هەموومان دەپرسین ئایا هۆكار چییە، هۆكارەكەی ئەوەیە بانكی ناوەندی ڕێژەیەكی كەم دۆلار دەخاتە بازاڕ، ئەگەر ئێمە ئەندام بین لە بانكی ناوەندی عێراقی و بە یاسا مۆڵەت وەربگرین، ئەو كاتە بانكی ناوەندی عێراقی ڕێژەیەك لەو دۆلارە دەداتەوە بە بانكی نیشتمان و ئێمەش لە هەرێمی كوردستان دەیخەینە بازاڕ، وه‌رگرتنی دۆلار له‌ بانكی ناوه‌ندی عێراقی و خستنه‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینی نرخی دۆلار.