سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق:سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا زۆر ئەرێنی بوو و لە داهاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت

بەگوێرەی یاسای کارگێڕی و دارایی پێویستە حکوومەتی عێراق ساڵانە تا ١٥ی ١٠ پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵام زیاتر لە ٣ مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕبووە و تا ئێستە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە. سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕایگەیاند: لە دوو ھەفتەی داھاتوودا بوودجە دەگاتە پەرلەمان، ئەو کات پەسەندکردنی بووجە ئەولەویەتی کارەکانی ئێمە دەبێت. گوتیشی: سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا زۆر ئەرێنی بوو و لە داھاتوودا ئەنجامی باشی دەبێت.

  • کەی بوودجە دەگاتە پەرلەمان؟
  • بوودجە ھێشتا لە وەزارەتی داراییە، نەگەیشتووتە حکوومەت، ھەتا ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند نەکات ڕەوانەی پەرلەمان ناکرێت، هۆی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکوومەتی سوودانی ماوەیەکی زۆر نییە پێکھاتووە، ئەو حاڵەتە لە خولەکانی پێشتریش ھەبووە. ھەندێک ساڵ ھەبووە لە مانگی و ٣ و ٤ پەسەند کراوە، کار بۆ ئەوە دەکرێت لە دوو ھەفتەی داھاتوو بگاتە پەرلەمان. ئەو کات پەسەندکردنی بوودجە ئەولەویەتی کارەکانی پەرلەمان دەبێت.
  • بوودجەی گشتیی عێراق چەندە؟
  • تا ئێستە ھیچ شتێک دیار نییە، تا ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی نەکات و ڕەوانەی پەرلەمانی نەکات دیار نابێت بوودجەی گشتی عێراق چەند دەبێت، بۆیە ئەو ھەموو ژمارانەی دەگوترین قابیلی گۆڕینن، بەڵام ڕەنگە بگاتە سەد و پەنجا ترلیۆن دینار.
  • پشکی ھەرێمی کوردستان چەند دەبێت؟
  • دەمانەوێت پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم بێت، واتە ١٧% بێت، ئەوەش دەمێنێتەوە لەسەر گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە لەسەر چەند ڕێکدەکەون، بەڵام ھەموو ھەوڵی خۆمان دەدەین بەشی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو زیاتر بێت نەک کەمتر.
  • بۆچی یاسای بوودجە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت؟
  • لە عێراق سیستەمی فیدڕاڵی وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە. ھێشتا لێکتێگەیشتنی باش لەسەر بابەتی فیدراڵی نییە، ھەندێک کەس ھەر نازانن فیدراڵی چییە، دادگای ئیتحادی وەکو پێویست کارەکانی خۆی ناکات، بۆ ئەوەی حکوومەت ناچار بکات دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
  • دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا چی کراوە؟
  • حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە، سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەغدای کرد، پێشتریش سێ جار شاندی کوردستان ھاتۆتە بەغدا. سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا زۆر ئەرێنی بوو، ھەر دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بڕێکی زۆری نەوت ڕەوانەی کوردستان کرا، کە زۆر پێویست بوو ئەو بڕە نەوتە بگاتە ھەرێمی کوردستان و بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت. لەگەڵ ئەوەی لەسەر زۆر بابەتی دیکە گفتوگۆ کرا، تێگەیشتنی زۆر باش ھەیە. ھەر دوو لا ھاوڕان کێشەکان چارە بکرێن، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی حکوومەت نیەت پاکی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا نیشان دا کە لەگەڵ چارەکردنی کێشەکانە بەپێی دەستوور.
  • بۆچی تا ئێستە چوار سەد ملیار دینارەکە نەگەیشتووتە ھەرێمی کوردستان؟
  • ھەندێک کێشەی تەکنیکی ھەن، ھەندێک کەسیش لە دادگای ئیتحادی سکاڵایان تۆمار کردووە، وەزیری دارایی کەسێکی ئیدارییە، نەک سیاسی، ھەر لەبەر ئەوە لە بابەتەکە زۆر وردە، ناردنی چوار سەد ملیار دینارەکە بڕیارێکی سیاسییە، ئەوە بەپێی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدایە. بۆیە وەزیری دارایی بە وردی بە دواداچوون بۆ ناردنی پارەکە دەکات، دوای نەمانی کێشە تەکنیکیەکان بەغدا پارەکە ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ھیچ کێشەیەک نییە و لەو چەند ڕۆژەدا پارەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان.