تۆماركردنی ٥٨٠٠ ناوچەی شوێنەواریی كوردستان؛ شانازییەكی فەرهەنگی و هەلێكی ئابووری

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كارنامەی خۆیدا، گرنگیدانی بە بواری شوێنەواری و كەلەپووری لە پێشینەی كارەكانی خۆی داناوە و بەردەوام كاری بۆ دەكات.
مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندووە: “شوێنەوارە مێژووییەكانمان بەشێكن لە سەرمایەی مێژوویی و كولتووریی وڵاتەكەمان؛ پاراستنیان ئەركێكی لەپێشینەمان دەبێت و بەپێی ستانداردە باوەكان كار بۆ بەهێزتركردنی ڕێگەكانی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان دەكەین و هەوڵی بەگەڕخستنی كاراتری ئەو شوێنەوارانە لە بواری گەشتیاریدا دەدەین.”

شیاوی باسە، دوای ڕووپێویکردنی ٤٠٪ـی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، 5800 ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراون. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٤١ پڕۆژەی شوێنەواری لەپێناو پاراستن و پەرەپێدانی شوێنە مێژووییەکان جێبەجێکراون و ٢٣ شوێنی کەلەپوورییش نۆژەن کراونەتەوە.

كەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەوبارەیەوە دەڵێت: “ئه‌وه‌ی كه‌ پێی خۆشحاڵ بووین له‌ ڕاگه‌یاندنی كارنامەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له‌ ته‌وە‌ره‌كان باسی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور بوو، ئه‌مه‌ وه‌كوو هەوڵی یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌جێندای كابینه‌ی حكومه‌ت‌ زۆر گرنگ بوو. خاڵی دووه‌میان، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی كه‌ بواری شوێنه‌وار پێشتر هیچ بودجه‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌بوو، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری پێدانی 900 ملیۆن دیناری دا، ئه‌وه‌ش هەنگاوێكی باش بوو، به‌وه‌ی توانیمان دۆخی خراپی بینا و شوێنه‌واره‌ كه‌له‌پوورییه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی پێویستییان به‌ هه‌ڵكۆڵینی بەپه‌له‌ هه‌بووه،‌ كاریان لەسەر بكرێت‌.”

لەبارەی لایەنی كارگێرییەوە، ناوبراو گوتی: “9 بەرێوەبەرایەتی و 2 فەرمانگەی شوێنەواری و 3 بنكەی شوێنەواری هەن، بۆیە بەرێوەبەرایەتیی شوێنەوار لەسەر ئاستی هەرێم وەكوو بەرێوەبەرایەتیی گشتییە، تاكوو لە نزیكەوە كۆنتڕۆڵی هەموو ناوچە شوێنەوارییەكان بكەین و لە زیادەڕۆیی بیانپارێزین و ڕێگە لە دەستدرێژیكردنە سەریان بگرین؛ چونكە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر ناوچە و پێگەی شوێنەواری و بینای كەلەپووری لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هەن. لەگەڵ پەیمانگا و كۆلێژە پسپۆڕییەكانی بواری شوێنەواری جیهانی و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانمان نزیكەی 3200 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراون، ئێستا 40% هەرێمی كوردستانمان ڕووپێوی كردووە، نزیكەی 5700 – 5800 پێگەی شوێنەواری لای ئێمە تۆماركراون.”

كنە و پشكنین، بوارێكی گرنگی زانستی شوێنەوارناسییە، ئەو بەڕێوەبەرە لەوبارەوە دەڵێت: “لەمساڵدا نزیكەی 37 ڕێكەوتنی شوێنەواری لە بواری هەڵكۆڵین و كنە و پشكنین تا ساڵی 2037، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە زانكۆ و پەیمانگا شوێنەوارناسییەكانی جیهان، لە بواری كنە و پشكنین و هەڵدانەوەی لاپەڕە مێژووییەكان سەبارەت بەمێژووی شارستانییەت لەم ناوچەیە كراوە، كە بەشێكیان زانكۆ و ڕێكخراوی نێودەوڵەتیین.”

لەبارەی نۆژەنكردنەوەشیان كە میكانیزمێكی پاراستنە، دەڵێت: “لەم ساڵەدا نزیكەی 23 پێگەی كەلەپووری لەسەر بودجەی تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و 19 شوێن لەسەر بودجەی ڕێكخراوە بیانییەكان و كەسایەتی و ڕێكخراوە ناوخۆییەكانمان نۆژەن كراونەتەوە، ئەوەش قۆناغێكی زۆر جیاوارە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەوەش لە میانەی ئەو ڕاپۆرتە بوو ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار لە ساڵی 2019 -2020 پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانمان كرد بۆ دابینكردنی 900 ملیۆنی ساڵانە بۆ ئەوەی كاری پێ بكەین. پلانی ئەمساڵی حکومەتیش ئەوەیە کە پەرە بە ٤٩ ناوچەی شوێنەواری و ٥٠ شوێنی کەلەپووری بدات، ئەمە جگە لە بە گەشتیاریکردنی شوێنەوارە ئایینییەکان.”

لەبارەی چاودێری و سزای سەرپێچیكاران لەو بوارەدا، گوتی: “له‌ ساڵی ڕابردوو 111 شوێنی شوێنه‌واری زێده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ر، له‌لایه‌ن ئاسایش و پۆلیسیش چه‌ندین كه‌س گیراون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بازرگانییان به‌ شوێنه‌وارەوە كردووه،‌ یان له‌سه‌ر شوێنێكی شوێنه‌واری گیراون؛ 1563 كەسمان هه‌بوونه‌ كه‌ پشكنینمان بۆ شوێنه‌كانیان كردووه‌ به‌ر له‌وەی كار له‌ شوێنه‌كەیاندا‌ بكرێت، سه‌ردانی 215 شوێنیشمان كردووه‌ كه‌ مه‌ترسییان له‌سه‌ر بووه‌ و ڕێكار و لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر كردوون‌، 31 داوای یاساییمان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ تۆمار كردووه‌ كه‌ زێده‌ڕۆییان كردووه‌ته‌ سه‌ر ناوچه‌ی شوێنه‌واری، ئه‌و داوایانه‌ هه‌‌مووی له‌ دادگان، دوو داوای یاساییش پله‌ی كۆتاییان وه‌رگرتووه‌.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٢ ی کانوونی دووەمی