دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە سەر قەڵاى هەولێر، کۆنسێرتی ژیندا بەڕێوەچوو

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.1.22، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و کونسڵانی گشتیى هەردوو وڵات لە هەولێر و ژمارەیەکى تر لە هونەردۆستان، لە سەر قەڵاى هەولێر بە مەبەستى ناساندن و تێکەڵکردنى کەلتوور و موزیکى کوردى لەگەڵ کەلتوورى هاوچەرخ و هەمجۆرى وڵاتان کۆنسێرتی ژیندا بەڕێوەچوو، کە لەلایەن پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى بەهاوبەشى ڕێکخرابوو بۆ چەند هونەرمەندێکى کورد.

جێگەى باسە، پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى دوو مەڵبەندى ڕۆشنبیرى کەلتوورین و پێگەیەکى بەهێزى جیهانیان هەیە بۆ پەرەپێدانى زانستى و ئەکادیمى زمانەوانى و کەلتوورى و دەروازەیەکن بۆ ناساندن و تێکەڵکردنى کەلتوورى هاوچەرخ و هەمجۆرى وڵاتەکانیان لەڕێگەى ئاڵوگۆڕى هونەرى و تەلارسازى و ئەدەب و تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕى بیر و بۆچوون لەنێو کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ ئەو وڵاتانەى بارەگایان لێکراوەتەوە.