دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزانى فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌‏

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/1/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێزان ئيريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فه‌ره‌نسا و مارتين يێگه‌ر ‏باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و شاندى ياوه‌رانى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا، ‏دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و كارنامه‌ى حكوومه‌تى فيدراڵى، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، ‏پرسى وزه‌ و توانا و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌م بواره‌دا، خرانه‌ به‌ر باس و ‏گفتوگۆ.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ميوان هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پشتگيرى له‌ ‏حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى به‌پێى ڕێككه‌وتنى ‏پێكهێنانى حكوومه‌ت له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا، هه‌روه‌ها جه‌ختيا‌ن له‌ گرنگيى ‏يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.‏

باڵيۆزانى ئه‌ڵمانيا و فه‌ره‌نسا پوخته‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى پرۆژه‌ى بنياتنانى په‌يمانگه‌ى ‏داهاتووى كولتووريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسى ـ ئه‌ڵمانى له‌ هه‌ولێر له‌ يادى شه‌ست ‏ساڵه‌ى په‌يمانى ئه‌ليزێى دۆستايه‌تيى فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيادا پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها ‏جه‌ختيان له‌ خواستى وڵاته‌كانيان بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى كولتووريدا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ‏فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا دووپات كرده‌وه‌ بۆ يارمه‌تى و هاوكارييه‌كانيان له‌ بوارى سياسى، ‏سه‌ربازى، ئابوورى، مرۆيى و كولتووريدا، هه‌روه‌ها وێڕاى خۆشحاڵى و ده‌ستخۆشى، ‏دانانى به‌ردى بناغه‌ى په‌يمانگه‌ى داهاتووى كولتووريى هاوبه‌شى فه‌ره‌نسى ـ ‏ئه‌ڵمانى له‌ هه‌ولێر به‌ هه‌نگاوێكى گرنگى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌ كولتوورييه‌كانى ‏فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ‏دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.