سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پەرلەمانتارێكی پارتی بۆ یەكێتی: قسەكانی مەلا بەختیار بەسن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای قوباد تاڵەبانی

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامی بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی لە هیچ دانوستانێكدا سەركەوتوو نەبووە و پێویستیش ناكات لەمبارەیەوە موزایەدە لەسەر خەڵكی كوردستان بكەن.

رابیحە محەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی لە ڕێگەی میدیای حزبەكەیەوە، هاوشان لەگەڵ هەوڵەكانی بەرپرسانی یەكێتی بۆ چەواشەكردنی خەڵك و لابردنی سەرنجیان لەسەر تاڵانكردنی داهاتی سلێمانی و تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف لە لایەن یەكێتییەوە، هێرشێكی كردووەتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەسفی ئەدای قوباد تاڵەبانی دەكات.

لە بەرامبەردا مەریوان قەرەنی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كابینەیەكی سەركەوتووە و توانیویەتی خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستان بكات، ئەمەش بانگەشە نیە، خەڵك بە چاوی خۆی هەنگاو و پرۆژەكانی ئەو كابینەیە دەزانێت، چاكسازییەكانی كابینەكە و پرۆژەكانی و شەفافیەتەكەی، هەروەها هەوڵەكانی بۆ گەرەنتیكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراق و كارەكانی بۆ فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات، لەگەڵ بایەخدانی بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و ..هتد، هەموو ئەو كارانەن كە لەنێو خەڵكی كوردستاندا جێی ڕێزن و ”بە قسەی بەرپرسێك كە حەز بكات سەرۆكەكەی لە خۆی رازی بكات، یان بە هەڵمەتی حزبێك كە بیەوێ تاڵانی و تیرۆرەكانی خۆی دابپۆشێت، لەبەرچاوی خەڵكی بزر نابن.“

ڕوونیشی كردەوە: ”كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە یەك چاو سەیری هەموو ناوچەكانی كوردستانی كردووە و بە یەك دید و ئامانج خزمەتی هەموو كوردستان دەكات، تاكە كێشەیەك كە ئەم كابینەیە هەیەتی ئەوەیە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە زەبری هێز دەستی بەسەر سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری راپەڕیندا گرتووە، داهاتەكانی ئەو ناوچانە بۆ خۆی دەبات و هیچ خزمەتێك پێشكەش بەو ناوچانە ناكات و رێگرییش دەكات لە پرۆژەكانی حكوومەت و سەدان لەمپەریان بۆ دروست دەكات، ئەمە جیا لەوەی خەڵك لەنێو یەكێتییەوە خەڵكی تر تیرۆر دەكەن و تێرۆریستانیش هەر لەنێو یەكێتییدا داڵدە دەدرێن و رادەستی دادگایان ناكات، بەڵام خۆشبەختانە خەڵكی كوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی، باش دەزانن كە یەكێتی هۆكاری خراپیی دۆخی شارەكەیان و نەبوونی پرۆژەی تازە و تەواونەكردنی پرۆژەكانە.”

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا مەریوان قەرەنی گوتی: ”ئەدای قوباد تاڵەبانییش دیارە چۆن بووە و چی بووە، ئەوەتا ئەو جێگری سەرۆك وەزیرانە كەچی لەگەڵ رادەستكردنەوەی تیرۆریستان نیە، خۆی بەشێكە لە حكوومەت، كەچی رێگە نادات داهاتی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە خەزێنەی حكوومەت، قوباد تاڵەبانی لەبری ئەوەی بێت و لەنێو ئەنجوومەنی وەزیراندا كێشەكان باس بكات، دەچێ بایكۆت دەكات، چونكە بەرژەوەندییە داراییەكەی لەو بایكۆتەدایە نەك لەنێو حكوومەت، پێم وابێ قسەكانی مەلا بەختیار لەبارەی چارەنووسی داهاتی مەرزی باشماخ و مەرزەكانی تر، بەسن بۆ ئەوەی هەموو خەڵك بزانێ ئەدای قوباد تاڵەبانی چۆنە.“