دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەمڕۆ ٧٧ ساڵ بە سەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێ

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ کە هاوکات دووی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردییە، ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت. ئەو کۆمارەی هەرچەندە تەمەنی کورت بوو و تەنانەت نەگەیشتە یەک ساڵ، بەڵام کاریگەریی ئەوەندە زۆر بوو کە بووە هەوێنی بەردەوامیی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦، کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارەکە ١١ مانگی خایاند و کۆمەڵیک دەستکەوت و شانازیی گەورەی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد تۆمار کرد . کۆماری کوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕی و شەڕی دووەمی جیهانی تازە کۆتایی هاتبوو. وڵاتە زلهێزەکانی هاوپەیمانان کە لە جەنگەکەدا سەرکەوتبوون، لە سەرووی هەمووانەوە یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا ئەوەندەی چاویان لە دەستکەوتەکانی جەنگ بوو، بیریان لە گەلە ستەملێکراوەکان نەدەکردەوە.

یەکێتی سۆڤییەت لەو سەردەمەدا، بە یەکێک لە پشتیوانییە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان هەژمار دەکرا و تەنانەت یارمەتی کۆماری کوردستانیشی دەدا؛ بەڵام دوای کشانەوەی لە باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، ئەو یارمەتییانەش لە کۆماری کوردستان بڕا و حکوومەتی پاشایەتی ئێران دوای گرتنەوەی کۆماری ئازەربایجان کە پایتەختەکەی تەورێز بوو هەر زوو مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستانیشی داگیر کردەوە.

ئەو سەردەمەی کۆماری کوردستان دامەزرا، سەرجەم حکوومەت و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە خێڵەکی یان پاشایەتی بوون. لە ئێران ڕژێمی پاشایەتی پەهلەوی حوکمڕانی دەکرد کە نەک هیچ مافێکی بە گەلی کورد ڕەوا نەدەبینی بگرە بە توندی سەرکوتی دەکرد و دەیچەوساندەوە. ڕژێمی شا کەوتبووە سەرکوتکردنی گەلانی ئازادیخواز و لەسێدارەدانی لاوانی نیشتمانپەروەر و بە بیانووی جیاواز دەیویست نەتەوەی کورد بتوێنێتەوە و ڕێ لە دەربڕینی هەر جۆرە مافێکی نەتەوەیی گەلی کورد بگرێت.

ڕەزا شا، کە دوو دەیە پێشتر بە کودەتایەکی سەربازی توانیبووی دەسەڵات بگرێتە دەست، لە ساڵی ١٩٢٣ لەژێر کاریگەریی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی تورکی هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی دەست پێکرد کە نەتەوەکانی ناو ئێران هەڵیان گیرساندبوو و هەر لە سەرەتاوە پەلاماری شۆڕشە نەتەوەییەکانی کوردی دا و هەوڵی دا لەناویان ببات.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، کە یەکێتی سۆڤییەت و بەریتانیا بەشەکانی باکوور و باشووری ئێرانیان داگیر کردبوو و هێزەکانیان لە قەزوین بە یەکتر گەیشتبوو، دەسەڵاتی تاران بە تەواوی لاواز بوو و. ڕەزا شاش بە تۆمەتی یارمەتیدانی نازییەکان، لە دەسەڵات دوور خرایەوە و کوڕەکەی واتە محەمەد ڕەزا شا لە جێگەی دانرا. لاوازیی تاران لە لایەک و کرانەوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخە نوێیە هۆکار بوو لە کوردستان کۆمەڵە و حزبی نوێ و مۆدێرن دابمەزرێن.

کۆمەڵەی ژێکاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و لەسەر بنەمای گەشەی هزری نەتەوەیی و بە ئامانجی بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دامەزرا. سێ ساڵ دواتر کۆمەڵەکە لەسەر بنەمای ڕێکخراوێکی مۆدێڕنتر لە ژێر ناوی حزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و قازی محەمەد بوو بە سکرتێری حزبەکە. چەند مانگێک دواتر لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ کۆماری کوردستان لە نێو ئاپۆڕای جەماوەر لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد ڕاگەیەنرا. پێشەوا قازی محەمەد کرایە سەرۆک کۆمار، پۆستی سەرۆک وەزیران بە حاجی بابەشێخ و وەزیری بەرگریش بە سەیفی قازی سپێردرا.

سیستەمی سیاسی لە کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی زۆربەی ڕژێمەکانی ئەو سەردەمە سیستەمێکی دیموکراسی بوو و لەگەڵ بەها مۆدێرنەکانی حوکمڕانی لەو سەردەمەدا یەکی دەگرتەوە. کۆماری کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی لە بواری دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین بەدیهێنا.

دامه‌زرانی کۆماری کوردستان به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌ کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری و پێگه‌یشتوویی و تێگه‌یشتوویی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی نەتەوەی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. بۆیەش کۆماری کوردستان له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا توانی له‌ ناوچه‌یه‌کدا که‌ دانیشتووانەکەی پێشتر لە لایەن دەسەڵاتدارانی پاشایەتی دەچەوسێندرانەوە، دەسەڵاتێکی دێموکراتیک دابمه‌زرێنێ.
بارزانیی نەمر لە کوردستانی عێراقەوە بە خۆی و هێزەکانییەوە یارمەتی سەرخستنی کۆماری کوردستانی دا و خۆیشی پلەی جەنەراڵی وەرگرت و کۆمەڵێک شانازی و قارەمانێتی تۆمار کرد.
کۆماری کوردستان لە ماوەی تەمەنی کورتیدا دەستکەوتێکی زۆری هەبوو و توانی هه‌لومه‌رجێکی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و کولتووریی و ئابووریی خۆی بێنێتە کایەوە و چرای ڕێگای خەباتیش بۆ نەوەی داهاتوو پڕشنگدار بکات.
گەلی کورد لەو کاتەوە لە خەباتی بێ پسانەوە دایە و هەوڵ دەدات بە ئامانجە نەتەوەییەکانی خۆی بگات بەڵام دووبەرەکی ناوماڵی کورد لە لایەک و دڕندەیی و بێبەزەیی دوژمنانی کورد لە لایەکی تر، کاریگەریی خراپی لەسەر ئەو هەنگاوانە هەبووە.
لە ٧٧ ساڵی ڕابردوودا خەباتی گەلی کورد بە کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و نسکۆدا تێپەڕیوە بەڵام هەرگیز لە خەبات سارد نەبۆتەوە و ئەو تۆوەی قازی محەمەد بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان چاندی، بەرهەمەکانی تا ئێستا دەچنرێنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش بە ئیلهام وەرگرتن لە کۆمار، لە ساڵی ٢٠١٧ هەوڵی ئەوە درا دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر خیانەت و ململانێی ناوخۆیی و کۆمەڵێک هۆکاری تر سەری نەگرت نەهێشترا بە تەواوی بە ئاکام بگات.
لە سەردەمی کۆماری کوردستان تاکە پشتیوانی کۆمارەکە یەکێتی سۆڤیەت بوو کە دواتر بینرا بە بڕیارێک و تەنها دەستهەڵگرتن لە پشتیوانی کۆماری کوردستان، ئەزموونە ١١ مانگییەکە هەڵوەشایەوە. ئەمە ئەزموونێکی باشە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حزب و پارتە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە بەر لە هەر هێزێکی دەرەکی و سەرەڕای پێویستیی پشتیوانی هێزی دەرەکی و هێز و توانای گەلانی تر، پشت بە هێز و توانا و لێهاتوویی ناوخۆ ببەستن و توانا دابڕاوەکان یەک بخەنەوە و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە فەوتاوەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و گەلی کورد لە نەهامەتی و ژێردەستی و چەوساندنەوە ڕزگار بکەن.