ئەمریکا گرووپی ڤاگنەری رووسی بە “رێکخراوێکی تاوانکاری نێودەوڵەتی” پۆلێن کرد.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی گوتی، ڤاگنەر کە لەلایەن یێڤگنی پریگۆژین، بازرگان و کەسایەتیی نزیک لە ڤیلادمیر پووتین سەرۆکایەتی دەکرێت، نزیکەی 50 چەکداری لە ئۆکراینا هەیە، کە 80٪یان ئەو کەسانەن، کە لە زیندانەکان دەرهێنراون.
کێربی ژمارەیەک وێنەی هەوڵگریی ئەمریکای پێشاندان، کە گوایە دەریدەخەن کۆریای باکوور چەکی بە ڤانگەر داوە بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە ئۆکراینا بەکاریانبێنێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا سەربازییە تایبەتەکە ئێستا بووەتە رکابەرێکی سوپای فەرمیی رووسیا.
بە گوتەی کێربی، وێنەکان لە 18 تا 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو گیراون، گوایە ساتی گەیشتنی شەمەندەفەر و بارهەڵگرەکانی رووسیا بۆ نێو خاکی کۆریای باکوور و بارکردنی مووشەک و دواتر گەڕانەوەیان بۆ رووسیا پێشاندەدەن.
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەی، بە فەرمی ڤاگنەری وەک “رێکخراوێکی نێونەتەوەیی تاوانکار” داناوە، بەوەش گرووپەکەی خستووەتە ریزی گرووپەکانی مافیای ئیتاڵی و باندە تاوانکارەکانی ژاپۆن و رووسیا.
پۆلێن کردنەکە وا دەکات، سزای بەرفراوانتر بەسەر تۆڕەکانی گرووپەکەدا بسەپێنرێن. کێربی گوتی: “ڤاگنەر رێکخراوێکی تاوانکارە و تاوان و پێشێلکاریی گەورە دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدەدات. ئێمە بێ وچان کاردەکەین بۆ دۆزینەوە، وەستان، ئاشکراکردن و بەئامانجکردنی ئەو کەسانەی یارمەتیی ڤاگنەر دەدەن.”
کێربی هەروەها باسی لەوە کرد، ئەمریکا زانیارییە هەواڵگرییەکانی لەبارەی کڕینی چەک لەلایەن ڤاگنەرەوە لە کۆریای باکوور، پێشكێش بە بەشی سزاکانی کۆریای باکووری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کرد، کڕینی چەک لە کۆریای باکوور پێچەوانەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
کێربی هاوکات ئاماژەی بەو کرد کە “بەڵگە” هەیە لەسەر ئەوەی متمانەکردنی پریگۆژین بە سەرکەوتنی چەکدارانی ڤاگنەر لە ئۆکراینا، بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لە نێو کرێملندا.
کێربی لەو بارەیەوە گوتی: “ڤاگنەر خەریکە دەبێتە هێزێکی رکابەر بۆ سوپا و وەزارەتەکانی دیکەی رووسیا. پریگۆژین هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئۆکراینا بباتە پێشەوە و ڤاگنەریش لەسەر بنەمای ئەوەی کە چ شتێک، لە رووی ناوبانگی ئەرێنییەوە، بۆ پریگۆژین بەدەستدێنن، بڕیارە سەربازییەکانی دەدات.”
پریگۆژین پێشتر پێشڕەوییەکانی سوپای رووسیای لە شاری باخمووتی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و کۆنتڕۆڵکردنی سۆلیداری بە سەرکەوتنەکانی خۆی هەژمارکردن. رۆژی پێنجشەممە، پریگۆژین لە راگەیێنراوێکدا گوتی، پێویستە رووسیا “زۆر شت” لە سوپای ئۆکرایناوە “فێربێت.”
بە بەکارهێنانی ناوی رووسیی باخمووت، پریگۆژین جەختیکردەوە کە “شارۆچکەی ئارتێمۆڤسک دەگیرێت.”
ڤاگنەر لە ساڵی 2014 دامەزرێنراوە. وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، گرووپەکە لە چەندین ململانێی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرامبەر پارە، شەڕی کردووە.
پریگۆژین دەڵێت، چەکدارەکانی ڤاگنەر بەهێز و رێکخراون، بەڵام ئەگەر لە شەڕ رابکەن، بە تووندی سزادەدرێن. بەڵام لە ئەگەری هەبوونی ململانێی نێوخۆیی لەگەڵ بەرپرسانی کرێملن، زیانی بەردەکەوێت.
بە گوێرەی پەیمانگەی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ، پووتین تاوەکو دێت زیاتر لایەنی رکابەرەکانی پریگۆژین دەگرێت، کە بەرپرسانی دەسەڵاتداری پلە بەرزن.
پەیمانگەکە تێبینی ئەوەش دەکات، کە پووتین تاوەکو ئێستا ستایشی ڤاگنەری نەکردووە لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی باخمووت. پەیمانگەکە هەروەها دەشڵێت: “وا دیارە پووتین هەوڵی کەمکردنەوەی پێگەی پریگۆژین لە بەرژەوەندیی سوپای پیشەگەر و بەرپرسانی حکومەتی رووسیا دەدات.”
پریگۆژین تەمەنی 61 ساڵە و ماوەی چەندین ساڵە چاوی ئەمریکای لەسەرە، بە “شێفی پووتین” دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی کە لەو کاتەوەی لە ساڵانی 1990ـەکان پێکەوە لە سان پیترسبۆرگ بوون، لە چەندین رووداودا یارمەتیی سەرۆکی رووسیای داوە.
ساڵی 2018 لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بە تۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دوو ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
پریگۆژین و کۆمپانیاکەی خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا.