نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازییان لە هەڵبژاردەی عێراق کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە شاندی هەڵبژاردەی عێراق کرد، دوای ئەوەی نازناوی جامی کەنداوی بردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم چووە بەغدا، دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە دەستەی راهێنەران، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد.

نێچیرڤان بارزانی، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و سەرجەم ئەندامانی دەستەی راهێنەران و یاریزانانی هەڵبژاردەکە کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداویان لێکردن.

هەڵبژاردەی عێراق، دوای زیاتر لە 35 ساڵ نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان بەدەستهێنا.

عێراق بەبردنەوەی ئەم نازناوە بووە خاوەنی دووەم زۆرترین نازناو لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە، کوەیت 10 جار بووەتە پاڵەوان، عێراق 4 نازناوی بردووەتەوە و جگە لە کوەیت هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە زیاتر لە عێراق نازناوەکەی نەبردووەتەوە.

لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق 3 یاریزانی کورد یارییاندەکرد، کە هەریەکە لە شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی، ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتی و رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی دالکورد بوون و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداویان بردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکەش چووە بەسرە و ئامادەی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بوو لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان و بە رووداوی گوت ” ئەمە رووداوێکی گەورەیە بۆ عێراق، یەکەمجارە لە دوای 2003ـەوە ئەمە گرنگترین رووداوە و خۆشحاڵین بەم سەردانە.”

عێراق بۆ دووەمجار میوانداریی جامی کەنداوی کرد، 8 هەڵبژاردەی عەرەبی بەشدارییان لە پاڵەوانێتییەکەدا کرد و زیاتر لە 620 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بوون.