نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی كوردستان هیوای گەڕانەوەی ئارامی و پێشکەوتن بوو بۆ هەموو عێراق

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌21ی1ی2023،  نێچیرڤان بارزانی له‌شاری به‌غدا به‌شداری كرد  لە رێوڕەسمی ساڵیادی شه‌هیدبوونی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، محەمەد باقر حەکیم.

له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و له‌به‌شێكی وته‌كانیدا له‌گوتاره‌كه‌دا رایگه‌یاند:  له‌ ڕۆژی  (شەهیدی نیشتمان) و ٢٠مین ساڵیادی شەهیدکردنی ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم (قدس سرە). 
بەناوی گەلی کوردستانەوە سڵاو دەنێرم بۆ رووحی پاکی شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدانی ئازادی عێراق. 

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: سەید محەممەد باقر حەكیم خاوەنی رێزێکی زۆرە لەلای بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. چونکە ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق، بەدرێژایی ساڵانی خەباتی، باوەڕی بە کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان بوو. لە کۆنگرەی سەرخستنی گەلی عێراق دا لە تاران لە ساڵی ١٩٨٦، لەگەڵ باوکم ئیدریس بارزانی دا، هاوخەباتیی کورد و شیعە و هەموو پێکهاتەکانی عێراقیان بەهێزکرد.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،پەیوەندی رابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعیەتی نەجەف وایکرد کە ئیمام سەید موحسین حەكیم بە تەواوی پشتیوانی لە گەلی چەوساوەی کورد بکات و لەساڵی 1965 دا فەتوایەك دەربکات بۆ حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد. هەروەها شەهیدی گەورەی عێراق ایە الله العظمی محەممەد باقر سەدر لە ساڵی 1974دا هەمان فەتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی بە روونی دووبارە كردەوە. 


هه‌روه‌ها گوتیشی”ئێمە لە روانگەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی دەکەین، کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی مەدەنی و محەلی بگێڕێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکان، هەوڵدەدات زەمینەی دانوستاندن و رێککەوتن بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی دروست بکات، هەوڵدەدات خزمەتگوزارییەکان و لەوانەش بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، هەوڵدەدات

ده‌قی گوتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا:

هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە گشت دەزگاکانی دەوڵەت دا لەوانەش سوپای عێراق. 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، سڵاوتان لێ بێت و بەخێربێن بۆ رێوڕەسمی رۆژی (شەهیدی نیشتمان) و ٢٠مین ساڵیادی شەهیدکردنی ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم (قدس سرە). 
بەناوی گەلی کوردستانەوە سڵاو دەنێرم بۆ رووحی پاکی شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدانی ئازادی عێراق. 

لەگەڵ یادکردنەوەی شەهیدی میحراب، سەید محەممەد باقر حەكیم دا، هەموو بیروەرییەکانی هاوخەباتی و پێکەوە خەباتکردن دژی چەوسانەوە و دیکتاتۆری لەلای هەموومان زیندوو دەبنەوە. سەید محەممەد باقر حەكیم خاوەنی رێزێکی زۆرە لەلای بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان. چونکە ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق، بەدرێژایی ساڵانی خەباتی، باوەڕی بە کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان بوو. لە کۆنگرەی سەرخستنی گەلی عێراق دا لە تاران لە ساڵی ١٩٨٦، لەگەڵ باوکم ئیدریس بارزانی دا، هاوخەباتیی کورد و شیعە و هەموو پێکهاتەکانی عێراقیان بەهێزکرد. پەیوەندی بەهێزی سەید محەممەد باقر حەكیم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک مام جەلال دا گەلی عێراقی دڵخۆش دەکرد بە یەکێتی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و، بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە گەل و ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بکات دژی دیکتاتۆری. 

 ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان لایەنەکان وایکرد ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە کۆنگرەی لەندەن لەساڵی ٢٠٠٢و کۆنگرەی سەلاحەدین لە مانگی شوباتی ٢٠٠٣ دا گوتار و بەرنامەیەکی یەکگرتوو بۆ قۆناغی دوای دیکتاتۆری دابنێت، لەسەر بنچینەی گرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان و بەڕێوەبردنی عێراق بە سیستەمی فیدرالی .  

شەهیدی میحراب و موجاهیدی گەورەی عێراق سەید محەممەد باقر حەكیم، یەكێكبوو لە زاناكانی عێراق لە بواری شەریعەت و فەلسەفە و ئابووری دا، لەبەرئەوەش خاوەن بیرێکی کراوە بوو بە سەر هەموو نەتەوە و مەزهەبەکان دا. زانایی سەرکردەکان هەمیشە وادەکات لە دژایەتی نەتەوەیی و مەزهەبی دووربکەونەوە و پردەکانی پەیوەندی و پێکەوەژیان بەهێز بکەن . 

پەیوەندی رابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعیەتی نەجەف وایکرد کە ئیمام سەید موحسین حەكیم بە تەواوی پشتیوانی لە گەلی چەوساوەی کورد بکات و لەساڵی 1965 دا فەتوایەك دەربکات بۆ حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد. هەروەها شەهیدی گەورەی عێراق ایە الله العظمی محەممەد باقر سەدر لە ساڵی 1974دا هەمان فەتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی بە روونی دووبارە كردەوە. 

بە هەمان شێوە ایە الله العظمی سەید عەلی سیستانی خوا تەمەنی درێژ بکات، پشتیوانی لە دەستووری عێراق کرد، چونکە مافی دایە هەموو پێکهاتەکانی عێراق. لە دەستووری عێراق دا پێکەوەژیانی هەموو عێراقییەکانی لەسەر بنەمای تەوافوقی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق دا بەشێوەی فیدرالی پەسەند کرا.
  
ئامادەبووانی بەڕێز …

لە ئەنجامی دروستبوونی متمانە و خەباتی هاوبەشی هەموو لایەنەکان بۆ رزگاربوون لە دیکتاتۆری و چەوسانەوە، خۆشەویستی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق دا دروست بوو. بەهۆی ئەو پێکەوە کارکردنەش دەستوورێکمان پێکەوە نووسیوە کە یەکگرتوویی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق دا دروست دەکات لەسەر بنچینەی دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە یەکسانی . 
ئەم دەستوورە گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقە، نابێ بەوشێوەیەی ئێستا پشتگوێبخرێت، بەڵکو دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک خۆی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دوور نەبینێت. دەبێ مافی هەموو پێکهاتەکان بەپێی دەستوور دابین بکرێت و بەشێوەیەکی راستەقینە و بە کردەوە سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق فیدرالی بێت. کە ئەمەش بنەمای سەرەکی دەستوور و سیستەمی سیاسی و ئیداری عێراقە و، گەلی عێراق لە گەورەترین ریفراندۆم لە مێژووی عێراق دا دەنگی پێداوە. 

ئێمە لە روانگەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی دەکەین، کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی مەدەنی و محەلی بگێڕێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکان، هەوڵدەدات زەمینەی دانوستاندن و رێککەوتن بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی دروست بکات، هەوڵدەدات خزمەتگوزارییەکان و لەوانەش بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دابین بکات، هەوڵدەدات هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە گشت دەزگاکانی دەوڵەت دا لەوانەش سوپای عێراق. 

بەڕێزان …

زۆرم پێخۆشە کە ئەمڕۆ بۆ بۆنەیەکی تایبەت هاتم بۆ شاری بەغدا نەک بۆ دانوستاندنی سیاسی. لە راستیدا بەغدا شارێکی خۆشەویستە لەلای ئێمە. کە لە بەغدای پایتەختی فیدرالی عێراق مافی هەموو هەرێم و پارێزگاکان رەچاو بکرێت، کە دەزگاکانی دەوڵەت ببنە رەنگدانەوەیەکی راستەقینەی سیستەمێکی فیدرالی، کە ماف و خزمەتگوزارییەکان بە ئاستێکی بەرز بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق دابین بکرێن، بەغدا زۆر بەهێز دەبێت. ئەوکات بەغدا دەبێتە پارێزەری هەموو هەرێم و پارێزگاکانی عێراق. هەموومان پێکەوە دەتوانین بەهێزبین و بە تەواوی پێگەی عێراق بەهێز بکەینەوە.
 
لە ناخۆشترین بارودۆخی بەغدادا هەموو عێراقییەکان شانازییان بە ئارامی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە دەکرد، چونکە هیوای گەڕانەوەی ئارامی و پێشکەوتن بوو بۆ هەموو عێراق، وەک بەشێکی عێراق. 

سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە لە وتارەکانیدا سەبارەت راپەڕینی ١٩٩١ شانازی بەوەوە کردووە کە سەدان هەزار سەربازی عێراقی لەسەردەمی رژێمی پێشوودا بە سەلامەتی نێردرانەوە بۆ ماڵەکانیان. ئێمە ئێستا شانازییەکی دیکەشمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە دوای شەڕی داعش ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ئاوارە لە شارە جیاوازەکان لە باکوور و ناوەڕاستەوە هاتنە کوردستان، بەڵام تاوەکو گەڕانەوەیان و تائێستا یەک رووداوی ناخۆش و تووندوتیژی رووینەداوە. ئەوە مایەی شانازییە و نیشانەی ئەوەیە کە خۆشەویستی و رێز لەنێوان خەڵکی عێراق دا هەیە. کەواتە زەمینەی جێبەجێکردنی دەستوور زۆر بەهێزە لە عێراق دا و خەڵک لایەنگری نە‌هێشتنی کێشەکانە. 
 

ئامادەبووانی بەڕێز ….

هەروەک دەبینین ئێمە پێویستە و ناچارین لەکاتی ناخۆشییەکاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەین، هەموو پێشکەوتنەکانیشمان بەرهەمی پێکەوە کارکردنمان بوونە، لەبەرئەوە ئێستا بۆنە و کاتێکی زۆر گونجاوە کە هەریەکەمان لەلای خۆیەوە بڕیار بدات کاربکات بە ئاراستەی پێکەوەژیان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان. نابێ وەک رکابەر کار لەگەڵ یەکتر بکەین، دەبێ بە رووحی هاوبەشییەوە پێکەوە کاربکەین.

ناوچە و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق، نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی عێراق ناحەزی یەکتر نین، نیشانەی لاوازی نییە بۆ عێراق، بەڵکو ئەم فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و فرە مەزهەبییە مایەی هێزە بۆ عێراق. لە سیستەمێکی دیموکراسی و مەدەنی و فیدرالیدا هەموویان دەبنە تەواوکاری یەکتر و پشتیوانی یەکتر. جیهانی ئەمڕۆ جهیانێکی فرە نەتەوە و ئایینە، هیچ وڵات و شارێکی یەک رەنگ لە جیهاندا نەماوەو، پێشکەوتنی ئێستای جیهانیش بەوهۆیەوە لە هەموو کات خێراترە. 
   
ئێستا جگە لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان، مرۆڤی زیاتر لە ٤٠ نەتەوە لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەموویان پێکەوە ئاوەدانی و فرەکولتووریان دروستکردووە و هەمووشیان پێکەوە بێ کێشە و دڵخۆشن لە هەرێمی کوردستان دا. ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموومان.

بینیمان گەورەترین دیکتاتۆری، تووندترین سیستەمی ئەمنی و عەسکەرتاری و رەتکردنەوەی فرەیی لە عێراق دا نەیتوانی بەردەوام بێت، چونکە عێراقییەکان دەیانەوێت بە ئاشتی و بەفرەرەنگی خۆیانەوە دڵخۆش بن و پێکەوە بژین. ئەمەش ئامانجی شەهیدی میحراب ایە الله العظمی محەممەد باقر حەكیم (قدس سرە) و هەموو شەهیدانی ئازادی عێراق بووە. ئارەزووی راستەقینەی هەموو عێراقییەکان پێکەوەبوونێکی یەکسانە، بۆیەش دەبێ ئەو ئارەزووەی عێراقییەکان بکرێتە کردار. لە کۆتاییشدا هەموومان شانازی بە ئاوەدانی و پێشکەوتنەوە دەکەین نەک درێژکردنەوەو قوڵکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکانەوە. 

هیوادارم هەموو کێشەکان بە زوویی چارەسەر ببن و عێراقییەکان بە خزمەتگوزاری باشەوە بە خۆشی بژین .  

زۆر سوپاس