بەرپرسێكی پارتی بۆ ئیسلامییەكان: ئەگەر جورئەتی باسکردنی راستیەکانتان نییە، لە خوا بترسن و بوختان مەکەن!

بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا لە هەردوو سەركردە باڵاكەی هەردوو حزبە ئیسلامییەكەی كوردستان (سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر) دەكات، راستگۆ بن و واز لە نیفاق بێنن و باش و خراپ لەیەك جیا بكەنەوە. پیشیان دەڵێ: ”ئەگەر جورئەتی باسكردنی راستییەكانتان نییە، لە خوا بترسن و بوختان مەكەن.“

مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وەڵامی هەردوو پەیامەكەی ئەم دواییەی سەڵاحەدین بەهادین و عەلی باپیر كە سەركردایەتیی دوو حزبی ئیسلامیی كوردستان دەكەن، راگەیاند: ”بۆ یەک جاریش بێت مونافیق مەبن و لەگەڵ خوای خۆتان ڕاستگۆ بن و ئاوڕێک لە ویژدانی خۆتان بدەنەوە، ئێوە کە ناوێرن باش و خراپ لە یەک جیا بکەنەوە، بۆچی هەموو لایەک وەک یەک تاوانبار دەکەن؟“

ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونیشی كردەوە: ”بەس پێمان بڵێن سەرۆکی حکوومەت چی کردووە جگە لەوەی داوای کردووە کۆتایی بە گەندەڵی بهێنن و داوای رادەستکردنی تۆمەتبارانی كردووە و ئامادە نەبووە خەڵک بکوژرێت و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبی چاوپۆشی لە تاوان بکات؟“

هەروەها پرسیاری ئەوەی لەو سەركردە ئیسلامییانە كردووە: ”ئایا ئێوەش داوا دەکەن لەپێناو بەرژەوەندی و ترسنۆکیی خۆتان بەرامبەر بە دزی و کوشتنی خەڵكی فەقیر و بێدەسەڵات، بێدەنگی هەڵبژێرن و بۆ ئەوەی رۆتینی ژیانتان تێک نەچێت هیچ نەڵێن؟ ئەی باوەڕی ئێوە بە دادپەروەری و شەریعەتی خوا لە کوێیە کە باوكێك لەپێش چاوی کچە شەش ساڵانەكەی لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا بکوژن و بسووتێنن و ئێوەش بێدەنگ بن و ئەگەر کەسێکیش داوای دادپەروەری بكات، ئێوە تاوانباری دەکەن بە تێکدانی دۆخی هەرێم؟ یان کە داوای کۆتاییهێنان بە دزی و گەندەڵی دەکرێت، ئێوە بۆچی بە تێکدانی دۆخی هەرێم ناوی دەبەن؟“

مەردان خدر جەختی لەوەش كردەوە: ”ئەوەی دۆخی هەرێمی كوردستانی تێکداوە ئەم عەقڵیەتەیە، ئەو هەڵخەڵەتاندنەی خەڵکە کە ئەم هەموو ساڵە لەگەڵ یەکتر ڕێک دەکەون و چاوپۆشی لە هەڵەکان دەکەن بۆ ئەوەی خۆتان تووشی زیان نەبن“

بەرپرسەكەی پارتی گوتیشی: ”ئەوەی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکوومەت دەیکەن، ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتی و داڵدەدانی تاوانباران و گەورەکردنی کێشەکانە بۆ ئەوەی تاوان بشارنەوە، ئیتر بە کام پێوەر هەردوو لا وەک یەک سەیر دەکەن؟“
لە كۆتاییشدا مەردان خدر بەو دوو سەركردەیەیە دوو حزبە ئیسلامییەكە دەڵێت: ”ئەگەر جورئەتی باسکردنی راستیەکانتان نییە، هیچ نەبێت لە خوا بترسن و بوختان مەکەن“