مه‌سرور بارزانی ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ستایشی بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كانی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه‌ كرد.

له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی رۆژنامه‌وانیدا، كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ داڤۆس، ئه‌نجامیدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی كوردستان24دا رایگه‌یاند، بیستم په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كۆمه‌ڵكوژی جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی به‌ جینۆساید ناساندووه‌، ده‌ستخۆشی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا و پێشتریش په‌رله‌مانه‌كانی به‌لجیكا، فه‌ره‌نسا و هۆڵه‌نداش ده‌كه‌م.

هه‌روه‌ها وتی: هیوادارم ئه‌مانه‌ ته‌نیا بڕیاری په‌رله‌مان نه‌بن، به‌ كرده‌وه‌ به‌شداری له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری خوشك و برایانی ئێزدی بكه‌ن.

دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی کانوونی دووەم/یه‌نایری 2023)، پەرلەمانی ئەڵمانیا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند.

دوای بڕیاره‌كه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا تویتێكی له‌باره‌ی بڕیاری په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، “بوندستاگ بڕیاریدا، تاوانەکانی داعش لە دژی ئێزیدییەکان وەک خۆیان ناو بنێت: جینۆساید”.

ئانالێنا بێیربۆك له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌و بڕیاره‌ نووسیویه‌تی، “سێ ساڵ لەمەوبەر ژنانێکی ئێزیدیم لە باکووری عێراق بینی: رفێندرابوون، کۆیلەکرابوون، دەستدرێژیان کرابووە سەر، ئازارەکانیان بەرم نادەن”.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “ئێمە دەزانین” هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی لەم جیهانەدا ناتوانێت ئازارەکانی ئەوان بنبڕ بکات، بەڵام بڕوایەکی قووڵم بەوە هەیە کە ئەم بڕیارە جیاوازییەک دروستدەکات و هەنگاوێکی چارەنووسسازە بەرەو داننان بە ئازارەکان و بەرەو دادپەروەری بۆ رزگاربووان.

هه‌روه‌ها ئانالێنا بێیربۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەمڕۆ وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەترین رەوەندی ئێزیدییە لە جیهاندا و دەنگدانی ئەمڕۆش قەرزارباری رۆڵی ماندوونەناسانەی ئەوانە