پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند

کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ بە جینۆساید ناسێندرا.

دوای هەڵسەنگاندنی یاسایی لەلایەن لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ـی کانوونی دووەم)، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند.

میر حازم بەگ، میری ئێزدیان لەوبارەیەوە راگەیاندبوو، تا ئێستا 12 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان داناوە و بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە مەبەستی داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێشوازیمان لێبکرێت.

لە کاتی پەلاماردانی شنگال لەلایەن داعشەوە، بە توندترین و دڕندانەترین شێوە کوردانی ئێزدی کەوتنە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن و 6417 کوردی ئێزدی و لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوە رفێندران، کە تا ئێستا بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە  3562 کەسیان رزگاربکرێت و ئەوانی دیكه‌ تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

هەروەها بەشێکیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا کۆمەڵکوژ و جینۆسایدکران، کە تا ئەمڕۆ 83 گۆڕی بە کۆڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و لەگەڵ ئەوەش دا داعش 68 مەزارگە و پەرستگای تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەناوبردن و وێرانیانکردن.

لە کۆمەڵکۆژییه‌كه‌ی شنگال دا، 2745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونه‌ته‌وه‌، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا نزیکەی 400 هه‌زار کوردی ئێزدی ئاوارەبوون و تائێستاش زۆربەی هەرە زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و لەژێر چادری کەمپەکان لە ژیانێکی سەخت دا ژیانیان بەسەردەبەن.