عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی هێرشکردنە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی دهۆک لە پارێزگای مێردین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، وێڕای سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشە چەکدارییە داوای کرد بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگاری دهۆک هاتووە “بەداخەوە شەوی رابردوو پێنج هاووڵاتی دانیشتووی دهۆک لە رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، هێرشیان کرایە سەر کە لە ئەنجامدا چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندارە، ئەو رووداوە شەرمەزار دەکەین و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی هەردوو بنەماڵە دەکەین”.
عەلی تەتەر، داواش دەکات لایەنە پەیوەندیدار بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکرێت و بکەرانی ئەو تاوانە رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
شەوی رابردوو لە رێگەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی ژمارەیەک هاووڵاتی دانیشتووی دهۆککە بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی ویستویانە بچنە دیاربەکر.