پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ داڤۆس له‌گه‌ڵ وه‌زیری وه‌به‌رهێنانی سعوودییه‌ كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشه‌م لە داڤۆس له‌ وڵاتی سویسڕا، لەگەڵ وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودییە كۆبووه‌وه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ خالد ئەلفالح وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودییە تاوتوێی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێنانیان كرد.

وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە ئاماژەی بەوە دا کە بەمزووانە شاندێکی باڵای وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی سعوودییە، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی .

لە دیدارەکەدا هه‌روه‌ها تیشک خرایه‌ سەر کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەچەشەنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و پێشەشکردنی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە.