شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئامانجی سەردانەکەی ماکگۆرک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

برێت ماکگۆرک، نێردراوی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دوای ماوەیەک بێدەنگی ئەمریکا لە سیاسەتەکانی ناوچەکە و بەتایبەت عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە عێراقیش لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبووەوە. ئامانجی سەردانەکەی ماکگۆرک بۆ نوێکردنەوەی هەوڵ داوای ئەمریکایە، بۆ هاوبەشیی هەولێر و بەغدا بۆ چارەی کێشەکان. مانەوەی ئەمریکا لە عێراق و گرنگیدانی بە پرسەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و گرنگییەکەی.

بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی ماکگۆرک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێن: بەشێکە لە ئامانجی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانە و هەوڵی چارەسەری ئەو سەرئێشەیەی لە ناوچەکەدا هەیە.
ماکگۆرک لە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، به‌رده‌وامیی پشتیوانیی ئه‌مریكای بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و خواستی ‏وڵاته‌كه‌ی بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنی هاریكاریی ‏هاوبه‌ش له‌هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری وزه‌ و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا.

رەندا سەلیم لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێ : بەرپرسانی ئەمەریکا دەیانەوێت بە وردی بێنەوە سەر چارەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش کێشەی عێراق .
هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 150 بەرپرسی وڵاتان لە چوارچێوەی لووتکەی نەگەڤ کۆبوونەوە، ئیدارەی بایدن سوورە لەسەر شێوازێکی نوێی ئاشتی لە ناوچەکە و هەوڵ و پشکی هەر وڵاتێک تێیدا .
لە عێراق ماکگۆرک بە بەپرسانی گوتووە: ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە هێزە عێراقییەکان لە شەڕی دژی داعش. هاوکات، جارێکی دیکە پابەندبوونی ئەمریکای بەڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی و پشتیوانیی لە چاکسازییەکانی حکوومەت دووپاتکردەوە لە بوارەکانی وزە، ژێرخانی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانە نەرێییەکانی کەشوهەوا.
ئەوە لەکاتێکدایە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیای ئەمریکای راگەیاندبوو : پێی باشە ئەمریکا لە عێراق بمێنێتەوە و ڕاوێژی سەربازی بۆ سوپای عێراق بکات. لە هەولێریش ‘بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان’ ماکگۆرک ڕایگەیاندووە:بدوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی‏كوردستان،په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا و گفتوگۆی چارەكردنی كێشه‌كانیان، دۆخی‏نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و پرۆسه‌ی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌مان تاوتوێ كرد.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: ئیدارەی بایدن پابەندە بەڕێککەوتنی ستراتیجیی لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆگرامێکدا هەردوولا لەسەر پرسی هاوبەش کار بکەن . بڕیاریشە مانگی داهاتوو شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات و ڕێککەوتنی نێوانیان تاوتوێ بکەن .