پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  بەبۆنەی یادی 24 ساڵەی دامه‌زراندنی كوردستان تی ڤی

دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی:-

بەڕێزان بەڕێوەبەر و ئەنجوومەنی كارگێڕی و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان،

له یادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی و دەسپێکی پەخشی بەرنامەکانیدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ئازیز و هەموو ئەو کادر و هەڤاڵە تێکۆشەرانە دەکەم کە لە سەرەتای دامەزراندنی کەناڵەکە و وێستگە جیاجیاکانیدا کار و خەباتیان لەو دەزگا میدیاییە سەرڕاست و سەنگینەدا کردووە.

دامەزراندنی كوردستان تیڤی بەر لە بیست و چوار ساڵ وەک یەكەم كەناڵی ئاسمانی كە لە ناوخۆی كوردستانەوە دەستی بە پەخش كرد، هەنگاوێکی گەورە و پێشکەوتنێکی  گرنگ بوو لە ڕاگەیاندنی کوردستان و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و پەیامی گەلی کوردستان بە جیهان.

لەو ساته‌وه‌ ‌تاوەکوو ئەمڕۆ ئەو کەناڵە و دەزگای سەتەلایتی کوردستان بە گشتی لە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و دروستكردنی ڕایەڵەیەک لەگەڵ كوردستانییانی تاراوگە و لە پەرەپێدانی كولتوور و زمان و هونەری كوردستانیدا، ڕۆڵێكی بەرچاوی بینیوە و دەبینێ.

ئومێدەوارم لە گەشە و پەرەسەندنی بەردەوامدا بێت و لەسەر ڕێبازی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی خۆی درێژە بە خزمەتکردن بە پەیامی تەبایی و یەكڕیزیی گەلی کوردستان بدات.

هه‌ر سه‌رکه‌وتوو بن..

نێچیرڤان بارزانی

17ـی 01ـی 2023