بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوە و پانێل و دیدارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس دەست پێبکات. کۆڕبەندەکە، دوای کۆرۆنا یەکەم جارە بەو فراوانییە بەڕێوە دەچێت. لە چوار ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە 80 پانێل و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تێدا بکرێت، جگە لەو دەیان کۆبوونەوە دوو قۆڵییانەی لە نێوان شاندی وڵاتان بەڕێوەدەچێت. لە هەرێمی کوردستان شاندێك بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە داڤۆس بۆ کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان .
شاندی یاوەری سەرۆکی حکوومەت لە داڤۆس
لەمساڵدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت و بە یاوەری شاندێک دەبێت کە پێکهاتووە لە؛
ـ سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ـ دکتۆر فەوزی قەدور، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا
ـ عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم
ـ نوورەدین وەیسی، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم
گرنگی کۆڕبەندی داڤۆس
کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس، پلاتفۆرمێکە بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ ئەو کێشە و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، بۆ ئەمساڵ ئامانجییەتی بە دیالۆگ و هەماهەنگی، کەرتی تایبەت و گشتی چارەیەک بۆ قەیرانەکان بدۆزێتەوە، هاوکات شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە بەشدار دەبێت و سەرۆککۆماری عێراقیش بە هەمان شێوە لە کۆڕبەندەکەدا بەشداریی دەکات .
لەماوهی 50 ساڵی ڕابردوودا، داڤۆس بووەتە پلاتفۆرمێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی نوێنەرانی حکوومەت، بزنس، ئەکادیمی، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و کەسانی خاوەن پێگە لەژێر یەک بنمیچدا. بەهۆی ئەم کۆڕبەندەوە چەندین ڕێککەوتنی گرنگ لەنێوان وڵاتان و کۆمپانیاکان واژۆ کراون و چارەسەریش بۆ چەندین و قەیرانی جیهان دۆزراوەتەوە.
گرنگترین تەوەری دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت
سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سەرکردە سیاسی و خاوەنکاران ئەم پرس و بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکات:
ـ هەمەچەشنکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان
ـ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، لەگەڵ دەرفەت بۆ ڕێڕەوی بازرگانی ناوچەیی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان
ـ وەبەرهێنان لە بواری کانزا و نەوت و گاز و وزەی پاك
ـ پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە
ـ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و وشکەساڵی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە خەریکی بەرەوپێشبردنی پلانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە، لەو پرسەشدا لەگەڵ تورکیا پەیوەندی تووندوتۆڵی هەیە. پلانی گازی سروشتی زیاتر هاتە گۆڕێ کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی پێکرد. شوباتی ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەعد ئەلکەعبی وەزیری وزەی قەتەر باسیان لە ” هەلی گەورەی بەردەم گازی هەرێمی کوردستان کرد .”
پێشکەوتنە بەردەوامەکانی کوردستان لە بواری وزە
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری ئەلمۆنیتەر: ١٥ ساڵ دەبێ هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی سەرکەوتووی هەبووە، چەندین ساڵیشە لە بواری گازی سرووشتیدا خەریکی پلان و بەرنامەی خۆیەتی، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوکاتەی لە ٢٠١٣گرێبەستی تورکیا و عێراق لە بواری وزەدا کۆتایی هات، تورکیا بەهۆی ناکۆکیی نێوان مالیکی و ئەردۆغان ئەوکات پشتی لە عێراق کرد و ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد.
عارف ئاکتورک، بەڕێوەبەری پێشووی گەنەل ئەنەرژی لە گازی سروشتیدا دەلێ ” تێکەڵەیەک لە پرسی سیاسی، ئابووری، تەکنیکی وای کرد تورکیا ببێتە کڕیاری گازی کێلگەکانی بنەباوی و میران بەڵام ئەوە بەهۆی عێراق کێشەی بۆ دروستبوو، لەنێویاندا کردنەوەی کەیسێک دژی کۆمپانیای بۆتاش و داوای سزای بە بەهای بیست و پێنج ملیار دۆلار کە تورکیا نە دەیدات نە ئامادەشە قسەی لەسەر بکات.
بە گوێرەی قسەی ئاکتورک، ڕاکێشانی بۆری و دروستکردنی بۆری گازی سرووشتی کارێکی ئەوەندە گران نییە، دەکرێت ئەو بۆڕییە لە ساڵ و نیوێکدا تەواو بێت و تێچووی دروستکردنیشی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێ، خالێکی دیکە بە بڕوای ئەو؛ تورکیا پێویستی بەوەیە بەدوای گەرەنتی لە گازی سرووشتیدا بگەڕێت. ئەوانە لە کاتێکدان کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی واژۆ کرد لەگەڵ کار گرووپ لە کۆتایی مانگی دیسێمبەردا بۆ دانانی بۆریی گازی سرووشتی لە کۆرمۆر بۆ هەولێرلەوێشەوە بۆ دهۆک، ئامانجەکە دابینکردنی گازی زیاترە بۆ نێوخۆ، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەنیا ٣٥کیلۆمەتری دەمێنێت بۆ گەیشتنی بە خاکی تورکیا.