فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی، گوت: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری دەکات بە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ دەکای. گوتیشی: پێویستە فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان گرفتی یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن چارە بکەن.
فەوزی هەریری، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە چەترێک بووە بۆ هەموو لایەک و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ئەرکە؛ بۆیە ئەو کێشەی ئێستا هەیە پێمان ناخۆشە و پێویستە گەشبین بین بەوەی کە چارە دەکرێت و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەیە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەو کێشانەی هەن چارە بکرێن.
هەریری گوتیشی: ئەوەی ئێمە زانیاریمان هەیە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کە دەستپێشخەر بێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هیوادارین ئەو کۆبوونەوانە بە زووترین بکرێن.
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەرکی ئێمەیە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکەین. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو کارە دەکات لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا، بەڵام پێویستە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، کۆببنەوە و یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە تا هەڵبژاردن بکرێت و سەرۆکی هەرێمیش ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ دەکات.
جێگای ئاماژە پێکردنە، لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چەندین جار حزب و لایەنەکانی لە سەرۆکایەتیی هەرێم کۆکردەوە و دەستپێشخەریی هەبوو بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا بکرێت، بەڵام بە بیانووی جیاواز، چەند لایەنێکی سیاسی نەچوونە ژێر باری هەڵبژاردن و بڕیارە سەرۆکی هەرێم وادەیەکی نوێ بۆ ئەو مەبەسەتە دیاری بکات.