ناوچە ئارام و ئاوەدانەکەی عێراق تەنیا هەرێمی کوردستانە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە گەشەیە، بەڵام دۆخەکە لە پارێزگاکانی عێراق خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە و ئەو کەرتە ڕووی لە پاشەکشە کردووە و بۆیەش لە داڕمانی کەرتەکە هۆشداری دەدرێ. تەنیا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا پتر لە ٤٥٠ کۆمپانیای گەشتوگوزار مایەپووچ بوون و وازیان لە کارەکانیان هێناوە.

دواین ئاماری ژمارەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری عێراق دەری دەخات تا سەرەتای ئەمساڵ ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە کارەکانیان بەردەوامن بریتییە لە ٥٢٥ کۆمپانیا بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ٤٥٣ کۆمپانیا مایەپووچ بوونە.
میدڵست نیوز لە زاری وەسام حەدمل ئەلحلو بەڕێوەبەری سەنتەری ئابووریی سیاسی عێراقی ڕای گەیاندووە کە بە گشتی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری گەشتوگوزار و گواستنەوە تۆمار کراون دەگاتە ٩٧٨ کۆمپانیا و لەو ژمارەیەش ٥١٧ لە بەغدادان کە ٢٧٥یان لە کەرتی ڕەسافە و ٢٤٢ دانەشیان لە کەرتی کەرخن و ٤٦١ کۆمپانیاش بەسەر پارێزگاکانی تری عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، دابەش بوونە.
ئەو وێڕای ئاماژەکردن بەو ٤٥٠ کۆمپانیایەی کە مایەپووچ بوون، ڕوونی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دۆخی کەرتی گەشتوگوزار تووشی کێشە بووە و بەگشتی پاشەکشە بە کەرتەکە کراوە.
پێویستە بگوترێ ئەو کۆمپانیانەی ئاماژەیان پێ کراوە ئەوانەن کە بە فەرمی تۆمار کراون و ساڵانە باج بە حکوومەت دەدەن و لە ژێر چاودێری دان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیان کۆمپانیا و نووسینگەی تر هەن کە چالاکییەکانیان فەرمی نین و تەنانەت باجیش بە حکوومەت نادەن.
ئەو دۆخە وایکردووە کۆمپانیا فەرمییە یاساییەکان لە بازاڕ بە هۆی ئەو باجە زۆرەی کە بەسەریاندا سەپاوە نەتوانن ڕکابەری کۆمپانیا نافەرمییەکان بکەن و حکوومەتیش لە ڕێکخستنی کارەکانیان دەستەوەستانە.
لە پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە کە بە یاسایەکی تۆکمە و پێشکەوتوو ڕێکخستن بۆ چالاکی و کاری کۆمپانیاکانی بواری گەشتوگوزار بکرێت و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا پاڵپشتی لە کۆمپانیا یاساییە باوەڕپێکراوەکانی گەشتوگوزار بکات و کۆتایی بەو دۆخە بێنێت کە تووشی کەرتەکە بووە. هەروەها پێشنیار کراوە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی بواری گواستنەوەی گەشتیار، پێداویستی گونجاویان بۆ دابین بکرێ تا بتوانن خۆیان گەشە بە چالاکییەکانیان بدەن و کەرتەکە لە داڕمان رزگار بکەن.
پێویستە بگوترێ کەرتی گەشتوگوزار یەکێک لەو کەرتە گرنگانەیە کە دەتوانرێ ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات و دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ، بەڵام ئەمە لە حکوومەتی فیدراڵیدا پشتگوێ خراوە و بایەخی پێ نەدراوە.
عێراق لە ڕووی شوێنی گەشتوگوزاری و وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە شوێنەوار و لە زۆربەی جۆرەکانی گەشتوگوزاری لەم وڵاتە هەن؛ بەڵام ژێرخانی بەشێک لەو شوێنەوارانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بە تەواوی وێران بووە. بۆ نموونە نەینەوا یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە خەڵک بۆ مەبەستی گەشتوگوزار لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دەیچوونێ، بەڵام تا ئێستا بەهۆی دۆخی خراپی ئەمنی و پاشماوەکانی شەڕی داعش، کەس ناچێتە ئەوێ.
ناوچە ئارام و ئاوەدانەکە کوردستانە و بەگشتی کەرتەکە لێرە سەرەڕای ئەو کەم و کورتی و کێشانەش کە هەیەتی، بەڵام بەراورد بە عێراق زۆر باشە و ساڵ بەساڵیش کەرتەکە زیاتر گەشە دەکات و ژمارەی ئەو کەسانەش کە بۆ دەستخستنی کار ڕوو لە کەرتەکە دەکەن، ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.
لە هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش کەرتەکە کاریگەری زۆر نەرێنی وەرگرت و لە ژمارەی گەشتیاران کەم بووە و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا داخران؛ بەڵام حکوومەت سیاسەتێکی ژیرانەی گرتە بەر بۆ دووبارە زیندووکردنەوەیان و ماوەی چەند ساڵێکە هەست بە گەشە و هەستانەوەی کەرتەکە لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرێت. بۆ نموونە تەنیا لە پارێزگای دهۆک ساڵی ڕابردوو سەرووی دوو ملیۆن گەشتیار ڕوویان تێ کرد و ٨١ شوێنی نوێی گەشتیاری کرانەوە و ژمارەی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگاکە دەگاتە سەرووی هەزار شوێن و دۆخی پارێزگاکانی تری کوردستانیش بە هەمان شێوە لە ڕووی گەشتیارییەوە زۆر باشتر بوون.