سلێمان تاشان – هەولێر
هۆشداری دەدرێ لە دۆخی کشتوکاڵی عێراق و لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی وشکەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون و گۆڕێنی باری کەشوهەوا، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەگەر ڕێ وشوێنی گونجاو نەگیرێتە بەر، ئەوا دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی و لەوانەیە قەیرانی گەورەتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ناوەندی Pulitzer بڵاوی کردەوە گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو و وشکەساڵی لە عێراق وای کردووە بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی ٤٩% کەم بکات. ئەو دۆخەش وای کردووە جووتیاران بە ناچار زەوی باو و باپیرانیان جێبهێڵن و بەرەو شوێنی تر کۆچ بکەن چونکە چیتر بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەن.
سوێربوونی زیاتری ئاو لە لایەک و کەمبوونەوەی ئاو و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە لایەکی تر، باخەکانی لەناو بردووە و بەشێک لە زەوییەکانیش چیتر بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەن. کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ئەو ڕووبارانەی تریش کە دەڕژێنە دوو ڕووبارەکە، لەپاڵ وشکەساڵی و کەمبارانی هۆکاری سەرەکین لەو دۆخەی هاتووەتە کایەوە. خەڵکی گوند بۆ دۆزینەوەی پیشەیەکی نوێ ڕوو لە شارەکان دەکەن بەم هۆیەوە دەبنە هۆی ئەوەی شارەکان بە خێرایی بەرفراوان ببن و بۆ ئەمەش حکوومەت دەبێ هەلی کار و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات.
ئەو گۆڕانە بە داڕمانی گوند و کەرتی کشتوکاڵ و ژیانی لادێ لێک دەدرێتەوە و پێشبینی دەکرێ لە ئاکامی ئەو کۆچە بەرفراوانە بە خێرایی ئامارەکانی هەژاریی، بێکاری بەرز ببنەوە و حکوومەتیش نەتوانێت خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و پێدوایستییەکانی تر بە خێرایی دابین بکات و هەموو ئەو ڕووداوانەش لەوانەیە ببنە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و تەنانەت تێکچوونی دۆخی تەناهی وڵات.
دوو لەو شارانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوەکانیان کراوە بریتین لە بەسڕا و بەغدا کە هەر لە ئێستاوە تووشی قەیرانی کەمیی نەخۆشخانە و قوتابخانە و خزمەتگوزارییەکان بوونەتەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢٢.٥% لە دانیشتووانی عێراق داهاتی ڕۆژانەیان خوارووی دۆلارێک و ٩٠ سەنتە و دەستخستنی ئەو پیشانەی کە داهاتی ڕۆژانەیان سەرووی چوار دۆلارە قورستر بووە و بەدەر لەمە سەرووی ١٦.٥% لە دانیشتووانی وڵاتیش بێکارن و هیچ پیشەیەکیان نییە.
لە کۆتاییدا Pulitzer center پێداگری لە چارەکردنی ڕیشەییانەی کێشەکان بە تایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا کردووە و بەپێویستی زانیوە ئەو کەرتە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی بکرێ و ڕێ لە داڕمانی بگیرێت چونکە تاکە کەرتە دەتوانێت ببێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری. کەرتی کشتوکاڵ ٣٩% لە کۆی هەلەکانی کارکردنی داگیر کردووە هەرچەندە هەلی کاری زیاتر لەدەست بچێت ئەوا کۆمەڵگا ڕوبەڕووی قەیرانی زیاتر دەبێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدایە کە ماوەی ڕابردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی هەژاریی لە عێراقی بە ٢٥% هەژمار کرد و ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری زیادی کردووە.
ئەو دۆخەی لە عێراق ڕوو دەدات کەڵەکەبوونی ئەو خەمساردییانەیە کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نواندوویانە و ڕاستە دۆخی کەشوهەوا پشکی شێری بەرکەوتووە بەڵام هیچ پلانێکی گونجاو نەبووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانە. گۆڕانی کەشوهەوا تایبەت نین بە عێراق، بەڵام وڵاتان پلان و ڕێکاری گونجاویان گرتووەتە بەر و دەخوازن کاریگەرییەکان بۆ نزمترین ئاست کەم بکەنەوە.
ئەگەر لەم چەند ساڵەدا کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار ڕووی دابێت، ئەوا لە داهاتوودا مەترسی ئەوە لەئارادایە کۆچی بە کۆمەڵ لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر یان لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی تر ڕوو بدات و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و لەو کاتەشدا کێشەی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا دەهێننە کایەوە.