گەر هەدەپە دابخرێتچ دەقەومێ؟

رۆژ بە رۆژ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لە توركیا نزیك دەبێتەوە، كاریگەرترین بابەتیش بەر لە هەڵبژاردن، دۆسیەی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە، كە هێشتا دادگای دەستووری توركیا هیچ بەروارێكی دانەناوە بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەیانەوە بدات، بەڵام هەدەپە داوا دەكات، دانیشتن لەبارەی داخستن یان دانەخەستنی هەدەپە، بكەوێتە دوای هەڵبژاردن.

مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی هەدەپە، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورك)، ئاماژەی دا كە لەرێگەی پارێزەرەكەیانەوە، بە فەرمی داوایان لە دادگای دەستووری توركیا كردووە كە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی توركیا.
سانجار پێی وایە، لەڕووی یاساییەوە هەر ئەو رێگەیە تەواوە كە دادگای دەستووری توركیا، دانیشتنی دادگایی لەبارەی دۆسیەی هەدەپە دوا بخات بۆ دوای هەڵبژاردن.
ئەگەربێتو دادگای دەستووری توركیا، مانگێك بەر لە هەڵبژاردن یان چەند رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی توركیا بڕیاری داخستنی هەدەپە بدات، هەموو ئەو بەربژێرانەی هەدەپە ناویان دەسڕێتەوە و بۆیان نییە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بۆیە پلانی هەدەپە ئەوەیە، دەنگ بەو پارتە بدەن كە وەكوو پارتی یەدەك دایانمەزراندووە بەناوی پارتی سەوزی چەپ، هەروەكو چۆن DTP لە 2009 داخرا، بەڵام پێشتر BDP یان دامەزراندبوو و لە هەڵبژاردندا دەنگیان بەو پارتەدا، هەدەپەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەكاتەوە، واتە پلانی هەدەپە لە كاتی داخستنیدا دەنگدانە بە پارتی سەوزی چەپ.
بەڵام ئەگەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە بكەوێتە دوای هەڵبژاردن، ئەگەر دوای هەڵبژاردن هەدەپە داشبخرێت و قەدەغەی سیاسەت لەو پەرلەمانتارانەش بكرێت كە دەنگی پێویستیان بۆ پەرلەمان هێناوە، پەرلەمانتارەتییان ناكەوێت و دەتوانن درێژە بە پەرلەمانتاری بدەن، تەنیا ناتوانن لە هیچ پارتێكی سیاسی ببنە ئەندام.
دۆسیەی هەدەپە لە دوو بابەت پێك هاتووە، یەكەم داواكاری گشتی داوای كردووە هەدەپە دابخرێت، چونكە باڵێكی مەدەنیی پەكەكەیە و هیچ كاتێك پەكەكەی پێ تیرۆریست نەبووە، دووەمیش قەدەغەكردنی سیاسەتە لە پێنسەد ئەندامی هەدەپە، كە زۆربەیان ئەندامی سەركردایەتی ئەو پارتەن و سەلاحەدین دەمیرتاشیشیان تێدایە.
بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، گەرمترین پرسیش بەر لە هەڵبژاردن، دۆسییەی داخستنی هەدەپەیە و هەنگاوی یەكەمیش بلۆك كردنی بودجەی هەدەپە بوو لە لایەن دادگای دەستووری توركیا بۆ ماوەیەكی كاتی.