ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای دەگەیەنێت، ئەوەی بەناوی تیمی یەکێتییەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەیەکی ڕوونی شکست و بێ توانایی ئەوانە و داوا لە بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەكات، ئەگەر راست دەكەن، ”ئەوە عەرز و ئەوە گەز.“
ئاری نانەكەلی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ەوە بڵاوی كردەوە: ”وەڵامە لاوازەکەی قوباد و بافڵ کە بە ناوی تیمی یەکێتییەوە بڵاو کرایەوە، ئاماژەیەکی ڕوونی شکست و بێ توانایی ئەوانە. کابینەی نۆیەم توانی بێ توانایی سەرکردایەتیی ئێستای یەکێتی لە ئیدارەدان بسەلمێنێت. سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم لەوە سەرچاوەی گرتووە کە چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکان ناکات و ئامادە نییە بەرژەوەندیی گشتی بکاتە قوربانیی بەرژەوەندیی چەند کەسێک.“
جەختیشی كردەوە كە ”یەکێتی لە جیاتی ئەم وەڵامە لاوازە، با بێت تۆمەتباران بخاتە بەردەم ویژدان و دادگای خەڵک، ئەگەر ترسی لە هیچ نییە.“
ڕوونیشی كردەوە، تیرۆرکردن قارەمانیەتی نییە، بەڵكوو ”تاوانە و تاوانباران چیتر ناتوانن بە بودجەی حکوومەت خەڵک تیرۆر بکەن.“
دووپاتیشی كردەوە: ”ئەو کەسانە لاواز و شکەست خواردوون کە لە گفتوگۆ ڕا دەکەن و لە ترسی ڕەفتارەکانیان جورئەتی ڕووبەڕووبونەوەیان نییە.“
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێیوایە ”سەرکردایەتیی لاوازی ئیستای یەكێتی، نەیتوانی بەرگەی چاکسازی بگرێت و ڕێگری لە وەزیرەکان دەکات خزمەتی خەڵک بکەن، بۆ ئەوەی لە پەنای گەورەکردنی کێشەکان خۆیان بشارنەوە.“
لە كۆتاییشدا گوتی: ”فەرموون چیتر ڕێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن مەکەن. ئەگەر ڕاست دەکەن ئەوە عەرز و ئەوە گەز.“