فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئەرکی یاسایی ئێمە دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنە، کە سەرۆکی هەرێم لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو دەستنیشانی دەکات.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانەکەی برێت مەکگۆرک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پەیامنێرانی دایەوە و گوتی: مەکگۆرک سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمشەو لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
فەوزی هەریری راشیگەیاند، برێت مەکگۆرک لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، سەردانەکەی مەکگۆرک سەردانێکی سیاسییە بۆ لێکتێگەیشتنی تەواوی دۆخی عێراق و ناوچەکە، گوتیشی “بێگومان ئەوەی بێتە بەغدا دەبێت سەردانی هەولیریش بکات”.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەوزی هەریری رایگەیاند، وەکو سەرۆکایەتی هەرێم، ئەرکی یاسایی ئێمە دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنە، کە سەرۆکی هەرێم لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو دەستنیشانی دەکات.