سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان: پلانمان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو ٣٠% بۆ ٥٠% ژمارەی وەبەرهێنان زیاد بکەین

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پاڵ سێکتەرەکانی دیکەدا، گرنگییەکی تەواو بە سێکتەری وەبەرهێنان دەدات. د. محەمەد شوکری سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: دەستەکە ئاسانکارییەکی تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکات و ساڵی ڕابردووش ٨٩ مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە وەبەرهێنەران و پلانیان هەیە بۆ ساڵانی داهاتوو ٣٠% بۆ ٥٠% ژمارەی وەبەرهێنان زیاد بکەن. لەم دیمانەیەدا سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەڵامی چەند پرسیارێكی داوەتەوە.

دۆخی وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا چۆن بووە؟
ساڵی 2022، ساڵێکی باش بوو لە ڕووی وەبەرهێنانەوە و لەو ساڵەدا 89 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە؛ بەراورد بە ساڵی 2021 ژمارەی مۆڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان 1٥٪ زیادیان کردووە و ئەوەش هەنگاوێکی باشە و مانای زیادبوونی کاری ئەو پڕۆژانەیە کە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکات و زەمینەسازیی ئێمەشە لەڕووی ئاسانکاریی وەبەرهێنەران بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. لە هەمان کاتدا ٤29 پڕۆژە لەهەموو هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و لەساڵی 2023 مۆڵەتیان پێدەدرێت و بۆ خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبنە پڕۆژە.
لە ساڵی ٢٠٢٣، ئەگەری زیادبوونی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت لە سەدا چەندە؟
لە ساڵی 2023 تێکڕای پلانەکانی وەبەرهێنانمان گۆڕیوە، واتە پلانی وەبەرهێنانمان بەش بەش کردووە. یەکەم جار لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار نەخشەی وەبەرهێنانی تەواوی پڕۆژەکانی گەشتوگوزار دەخەینە دووتوێی نەخشەی وەبەرهێنانی گەشتیاری. ئەمانە پڕۆژەی تەواون و بێ کێشەن، تەنیا وەبەرهێنەر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا مۆڵەتی پێدەدرێت و لە ڕۆتینی فەرمانگەکانی حکوومەت دەردەچێت.
بەرنامەمان هەیە سنووری 3٠% تا ٥٠٪ ئاستی وەبەرهێنان زیاد بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە و شوێنی ئیشکردنی نوێمان دروستکردووە، کادیری نوێی بۆ دامەزراوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قەبارەیە ساڵ بە ساڵ زیاتر بکەین و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی دروستی خۆی لە ڕێڕەوی ئابووریدا ببینێت.
چەند وەبەرهێنەری بیانی هاتوونەتە كوردستان و چەند مۆڵەت هەن؟
لە ساڵی 2٠٠٦ تا ساڵی ڕابردوو، ٤٥ مۆڵەتی وەبەرهێنانی بیانیمان هەیە. بەرنامە هەیە بۆ زیادکردنی ئەم ڕێژەیە. بۆیە، بە یارمەتیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی وەزیران، یەکەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی دامەزراوە. مەبەستی سەرەکی ئاراستەکردنی وەبەرهێنانە بەرەو هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کۆمپانیا یان ئەو لایەنانەی ئارەزوو دەکەن لە ناوچەیەکی وەکوو هەرێمی کوردستان کار بکەن.
ئێمە بانگهێشتنامەیان بۆ دەنێرین بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتریان پێ بدەین. ئەم مەبەستەش چەند کارمەندێک بۆ ئەم یەکەیەی کە دروست بووە دامەزراون کە کارمەندی بەتوانا و باشن. هەروەها لۆگۆی هەرێمی کوردستان بەڕەزامەندی سەرۆک وەزیران کە لۆگۆی ئینڤێست کوردستانە، بۆیان دروست کراوە. بە هیواین لە ساڵی 2023 هەرێمی کوردستان ببێتە ناوچەی زێڕین بۆ وەبەرهێنان و پلانی ئەم یەکەیە بگاتە قۆناغێک نووسراو و داواکاری ئاراستەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و لایەن و ڕێکخراوە جیهانییەکان بکات، بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ببینن و کاری تێدا بکەن.
هەندێك لە وەزارەتەكان هەوڵ دەدەن ڕێژەیەك لەو یەكانەی نیشتەجێبوون بۆ چین و توێژە تایبەتەكان دابین بكەن، ئێوە تا چەند هاوكاریانن؟
پڕۆسەی دروستکردنی 2٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، تەنیا خۆی لەم ژمارەیەدا نابینێتەوە، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامی چەند ساڵی داهاتووە بۆ ئەوەی خەڵکی کەمداهات و کرێنشین لە هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەربگرن. تێکڕا لە هەرێمی کوردستان سەرووی دوو سەد هەزار یەکەی نیشتەجێبوون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە. بەشێکی زۆری خەڵکی کەمداهات یان داهات مامناوەند سوودیان لێی وەرگرتووە. بەڵام بەشێکی زۆریش سوودمەند نەبوون. ئامانجی سەرۆکوەزیران ئەوەیە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند بن. بۆیە ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەم پڕۆژەیە بوو؛ ئێستاش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. لە هەندێك شاریش خەریکی جێبەجێکردنیانین. سەبارەت بە پێشنیاری وەزارەتی كاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە 18 هەتا 2٤ ساڵە و لە خانەی بێسەرپەرشتانن، بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ئێمە هاتووە. ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بۆ ئەم توێژە دیاریکراوە جێبەجێ بکەین و پشتگیرییش دەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێت.