شۆڕش غەفووری – ههولێر
بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، لە گفتوگۆیەکدا باسى چاکسازییەکانى نێو تۆمارى ناوى بازرگانى کرد، لە هەرێمى کوردستان.
بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، دەربارەی بە ئەلکترۆنیکردنی کۆمپانیاکان ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو چاکسازییەکی بۆ پرۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان کردووە لەوانە، سەرەتای پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کە پێویستە ناوی بازرگانی تۆمار بکرێت. لەبەر ئەوەی ناوی بازرگانیی پێشتر و لە ساڵانی پێشوتردا بە تێچوویەکی زۆر لە ڕووی پارەوە لە پێنج سەد هەزار تا سەرووی ملیۆنێک دینار بۆ ناوی بازرگانی وەردەگیرا، لە پيناو کەمکردنەوەی تێچوو و هەروەها بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی پێویستی بە ڕۆتینێکی زۆر هەبوو، لەوانە سەردانی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان کە دوو پسپۆرایەتییەکە لە لایەن هەردوو لا بوو، کە دەبووە هۆی ماندووکردنی خزمەتخواز و بازرگانان لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات. هەروەها لە پێناوی چاکسازی لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پسپۆڕی پێدانی ناوی بازرگانی لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و لەلایەن خودی حکومەتی هەرێمەوە ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکرێت. ئەم خزمەتەش درایە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان و ئێمەش پەیڕەوێکمان ئامادە کرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و چەندین چاکسازی و ئاسانکاری تێدا جێ کرایەوە.
ئەو چاکسازییانەى کە لەم چوارچێوەیەدا جێبەجێ کراون بریتین لە:
یەکەم: پێدانی ناوی بازرگانی کە تێچووەکەی لە پێنج سەد هەزار تا سەرووی ملیۆن دینار بوو، کەم کرایەوە و کرایە پەنجا هەزار دینار، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لە سەر خاوەن شوێنکارە بازرگانییەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لادەبات.
دووەم: کەمکردنەوەی ڕۆتین و کاتی وەرگرتنى ناوى بازرگانییەکە، بەوەى سەرجەم کارەکان لە لایەن بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانەوە ئەنجام دەدرێت و تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژ ناوە بازرگانییەکە تۆمار دەکرێت یاخود ڕەت دەکرێتەوە لە کاتێکدا کە ئەگەر ناوەکە تۆمار بێت.
سێیەم: ئاسانکاری بۆ وەرگرتنى ناو یان ژمارە یان هەر ناوێک کە ماناداریش نەبێت و تۆمار دەکرێت، بە مەرجێک پێچەوانەی ئادابی گشتی هەرێمی کوردستان و یاسا نەبێ.
بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، باسى لەوە کرد کە ئەو پرۆسە و چاکسازییانەی کە لەسەرەوە باس کران هەنووکەین، بەڵام لە مانگی ئایندەوە پرۆسەی پێدانی نێوى بازرگانى کۆمپانیاکان بە سیستەمێکی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پڕۆسەی پێدانی ناو و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ٢٤ کاتژمێر تۆمار دەکرێت؛ کە ئەمەش ماوەیەکی نموونەیە کە شانبەشانی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ڕووی ئەلیکترۆنی و لە ڕووی ئەزموونەوە کە ئەزموونیان هەیە لە پێدانی پرۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان یان پرۆسەی تۆماری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان باسى ئەوەشى کرد کە ئەوان دەسەڵاتەکانیان بۆ شار و شارۆچکەکان شۆڕ کردووەتەوە و دەسەڵاتى پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانییان داوەتە شارەکانی هەر یەک لە دهۆک و سلێمانی و هەولێر، و بڕیاریش وایە هەڵەبجە لە نزیکەوە فەرمانگەی کۆمپانیاکانی لێ دابمەزرێت بۆ ئەوەى هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پێویست نەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بکەن، بەڵكوو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانیی شارەکان ئەم خزمەتە بەدەست بهێنن.
سەبارەت بە ڕێژەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کاردانەوەی خاوەن کۆمپانیاکان لە ساڵى ڕابردوودا، بڵند محەمەد ڕایگەیاند: ساڵی پار، ئەو چاکسازییە سەرەتاییانەی ئێمە کردبوومان بووە هۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیاکان لە چاو ساڵانی پێشوو، بۆ نمونە پارساڵ نزیکەی دوو هەزار و سێ سەد کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاش پاکتاو کراون و ئەگەر سەرجەمیان بەراورد پێ بکەین ئاسانکارییەکان لە ئەمساڵەوە بەدیار دەکەوێت، ئاسانکارییەکەش لە کەمکردنەوەی تێچوو و دابەزاندنی دەسەڵاتە بۆ شارەکان.
شایەنى باسە ژمارەى کۆمپانیاکان لە هەرێمى کوردستان، سی و یەک هەزار و نۆ سەد و بیست ویەک کۆمپانیایە کە تۆمار کراون و لەو ژمارەیەش بیست و هەشت هەزار و پێنج سەد وحەفتا و نۆ دانەیان کۆمپانیای ناوخۆیین و سێ هەزار و سێ سەد و چل و دوو دانەشیان کۆمپانیاى بیانین کە لقیان لێرە کراوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ى زایینیش، هەزار و حەفتا و نۆ کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و پێشبینی دەکرێت دوای ئەو ئاسانکارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارى کۆمپانیاکان کراوە، ڕێژەکە دوو بەرامبەر بەرز بێتەوە.