ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وەڵامێكی توندی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نییە.
جارێكی دیكە میدیای فەرمیی یەكێتی لە ڕێگەی ستران عەبدوڵا كە پێشتر خودی ئەو حزبە بەوە وەسفیان كردووە كە لە خانەوادەیەكی نانیشتمانییەوە پێگەیشتووە، هێرشی كردۆتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەویش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ داپۆشینی تاڵانكردنی داهاتی سلێمانی و تیرۆركردنی ژمارەیەك ئەفسەری باڵا لە لایەن یەكێتییەوە.
لە بەرامبەردا مەریوان قەرەنی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەراگەیاند، تا كەسانی وەك ستران عەبدوڵا لەنێو یەكێتیدا پلە و پۆستی باڵایان پێ بدرێت و دەمڕاستی یەكێتی بن، سەقامگیریی سیاسی لە كوردستان بەدی نایەت، چونكە ”ئەو جۆرە كەسانە بۆ ئەوەی بازاڕی خۆیان گەرم بێ، حەز دەكەن بەردەوام ململانێی توند و ناكۆكیی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هەبێ و ئەوانیش لەسەر ئەو ناكۆكییانە، بە ئامانجە تایبەتەكانی خۆیان بگەن.“
ڕوونیشی كردەوە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ”كابینەیەكی زۆر سەركەوتووە، خەڵكی كوردستان بە باشی دەبینن كە چاكسازی لە چەندان بواری گرنگدا كراوە، دەیان هەزار دوو مووچەیی و مووچەی نایاسایی بڕدراوە، بەهەدەردان و خەرجیی زیادە نەهێڵدراوە و یاسا جێبەجێ كراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە بەژەوەندیی تاڵانی و كارە نایاساییەكانی یەكێتیدا نییە، دەبینین لە میدیاكانی ئەو حزبەوە پەلاماری حكوومەت دەدرێت.“
جەختی لەوەش كردەوە كە بە لای ستران عەبدوڵا و یەكێتییەوە، كابینەیەكی سەركەوتوو ئەو كابینەیەیە كە چاوپۆشی لە تاڵانی و تیرۆر و كاری نایاسایی بكات لەبەر خاتری پاراستنی ئارامیی سیاسی، بەڵام ”ئەمە هەڵەیە و خەڵكی كوردستان قەبووڵی ناكەن، بەڵكوو دەیانەوێ حكوومەت یاسا جێبەجێ بكات و ڕێ لە تاڵانكردنی داهات و كردەوەی تیرۆریستی بگرێت.“
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: ”ئەگەر ستران عەبدوڵا هەر حەز دەكات بزانێت كێ شكست خواردووە، ئەوا ئێمە پێی دەڵێین كە ئەوەی شكستخواردووە، قوباد تاڵەبانیی سەرۆكی تیمی یەكێتییە لە حكوومەت كە بەداخەوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نییە و بەرژەوەندیی تایبەتی و حزبی خستۆتە پێش بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، لە جیاتی ئەوەی بە حزبەكەی بڵێت ستۆپ و چیتر داهاتی سلێمانی تاڵان مەكەن، دەوامكردنی خۆی و تیمەكەی كردۆتە كارتی فشار تاوەكوو چاوپۆشی لە كارە نایاساییەكان بكرێت، ئەمەش رێگەپێدراو نییە.“