فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی كوڵەجۆی سەر بە قەزای كفری كە سەنگەرەكانیان هاوسنووری سوپای عێراقە ڕایدەگەیەنێت، جموجۆڵی داعش بە شەوان دەبینرێت، دەشڵێت، ئەوەی كە دەگوزەرێ لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقە.
ئەمڕۆ شەممە 14ی 1ی 2023، عەقید مەریوان، فەرماندەی پێشمەرگە لە لیوای 5ی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە لە تەپكی كەڵانی سنووری ناحیەی كوڵەجۆی سەر بە كفری كە سەنگەرەكانیان هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەكانی ناحیەی گوڵاڵە و سوپای عێراق ڕاگەیاند: ”ئێمە سنوورەكەمان سنوورێكی گەرمە لە ڕووی ئەمنییەوە، داعشەكان بە شەوان لە ڕێگای كامێرای حەرارییەوە لە سنووری ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق دەبینرێن، بەڵام بە ڕۆژ لە كوێن؟ كەس نازانیت، سنوورەكەمان بە شێوەیەكە، گوندەكان تێكەڵاون و زیاتر عەرەبی هاوردەن، بەڵام بە نموەنە بەشێك لەو عەرەبانە بە ڕۆژ كاری جوتیاری دەكەن و بە شەویش دەبنە داعش.”
گوتیشی: ”لەسەر بوونی مۆڵگەكانیشیان ئێمە زۆر جار كێوماڵی ناوچەكە دەكەین، مۆڵگەكانیان تێك دەدەین، بەڵام هەڵدێن و بە ڕۆژ دیار نین و بە شەو دەردەكەون.”
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوانەی كە لە ناوچەكەن خەڵكی شارەزان و خەڵكی ناوچەكەن، هەمووشیان كاتی خۆی بەعس بوون، ئێستا هیچیان دانەمەزراون بە 25 هەزار دینار خەڵك دەكوژن و بێ پارەن، ئیتر هەر ئەوانەن و خۆ ئەو داعشانە هاوردە ناكرێن.
ڕایشیگەیاند: ”ئێستا وەكوو لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە بە سوپاسەوە دۆخمان باشە لە ڕووی چەك و ئالیات و هەمەر و باجەر و بیناكان كە هەموو بیناكان بوونەتە قەڵایەكی پۆڵاین و خەڵكی خۆی تیا بێت بە هەموو سوپای عێراقیش ناگیرێت نەك داعش و لەو كاتەوە كە دەست كراوە بە چاكسازی، دۆخەكە بە ئاراستەی باش ڕۆیشتووە و ئێستا كێوماڵكردن زۆر بووە و بەو شێوەیە چالاكییەكانی داعش كە هەن و مەفەرەزەیان هەیە و بڵاو دەبنەوە و بە شەوان دەبینرێن لە سنووری سوپای عێراق كە هاوسنووری سەنگەرەكانی ئێمەیە و ئێمە وریاترین و لە پارەوە كە داعش لە ڕێگەی بۆمبی چێندراوەوە هێرشیان كرد، كۆمەڵێك شەهیدمان دا، ئیتر ڕێگەمان نەداوە ئەو شتە لای ئێمە ڕوو بداتەوە.”