مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكات، بافڵ و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە لەبارەی دابەشكردنی داهاتی گومرگەكانی سلێمانی ڕێككەوتوون.
كەسێك بە ناوی شەهاب كەریم، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) تۆمارێكی دەنگیی مەلا بەختیار بڵاو كردۆتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە ئەو تۆمارە بۆ مانگی 9ی 2022 دەگەڕێتەوە.
لە تۆمارەكەدا مەلا بەختیار داوا لەو كەسە دەكات كە گفتوگۆی لەگەڵ دەكات، چەند پەیجێك دروست بكەن و ئیش بكەن. ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە ”ئەوانە زۆر دەترسن، بافڵ تەلەفۆنی بۆ دلێر كردووە (گومان دەكرێ مەبەستی دلێری سەید مەجید بێ)، گوتوویەتی دەمەوێ بە زووترین كات بتبینم، بەداخەوە بڕیارەكە دراوە، تكایە با مەلا بەختیار تووڕە نەبێ، كاتی تووڕە بوون نییە و پاڕاوەتەوە!“
هەر بە گوێرەی تۆمارە دەنگییەكە، مەلا بەختیار ئاشكرای كردووە، ”چەند كەسێك فایلیان هەیە لەنێو یەكێتی، بە تایبەتی ئاسۆ ئەڵمانی، حامیدی حاجی غالی، سەعدی ئەحمەد پیرە.
ئەمانە تاجیرن، گەندەڵن، فایلیان هەیە. ئاسۆ ئەڵمانی لە دوای ئەنفال بەهۆی براكەیەوە لە ئیستخباراتی هەولێرەوە پەیوەندی هەبوو، دوای رووخانی حكوومەت فایلەكەی گیرا.
حامیدی حاجی غالی لە دوای راپەڕینیش ئومێدی بە یەكێتی نەمابوو، چووە مەغریب و هەواڵگریی عێراقی بینی و مووچەیان بۆ بڕییەوە و مانگانە لە نەمسا هەزار و 200 دۆلار مووچەی هەبووە. هەرچی زانیاریی هێزە كوردستانییەكانە گەیاندوویەتی. هەرسێكیان شەریكی گەندەڵین، هەر ڕیسوایان بكەین باشە.“
مەلا بەختیار ڕەخنەی توند لە سەركردەكانی ئێستای یەكێتی دەگرێ و دەڵێ: ”ئەمانە هیچ مۆراڵی سیاسییان نەماوە، حزبایەتی نەماوە، میلیشیا و پیاوكوژیان هەیە، باندەكانیان ئیش دەكات، تەنیا پێرێ شەو 11 ملیۆن دۆلاریان لە باشماخ دەستكەوتووە.“
ئەوەشی دركاندووە كە دوو ڕۆژ پێش تۆمارە دەنگییەكە، كۆبوونەوەیەك بۆ ڕێككەوتن لەسەر بردنی داهاتی گومرگەكانی سلێمانی كراوە و دەڵێت: ”پێرێ شەو كێشەیان هەبووە لەسەر گومرگەكان، بافڵ و لاهوور و قوباد و كوڕێك بە ناوی نەوزاد لە ماڵی بافڵ دانیشتوون و لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە داهاتی گومرگەكە چۆن لە نێوان خۆیان دابەش بكەن، تۆزێكیشیان داوە بە گۆڕان، كەسێك هەیە لە نێو گۆڕاندا شەوانە پەنجا سەیارەیان داوە بەویش لە باشماخەوە بیپەڕێنێتەوە! كار بگاتە ئەم تیجارەت و گەندەڵییە، بێگومان لە هەموو رەخنە و ئۆپۆزسیۆنێك دەترسن!“
ئەمە لە كاتێكدایە كە تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، نە مەلا بەختیار و نە ئەو سەركردانەی یەكێتی كە ناویان لە تۆمارە دەنگییەكەدا هاتووە، هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان نەداوە.