ڕۆژی چوارشەممە، 11ی كانوونی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەریمی كوردستان سەردانی فەرمیی بەغدای كرد و گفتوگۆی هەمەچەشن لەسەر بوارە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا. لەم دیمانەیەدا د.جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی چەند پرسیارێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وەڵام و بەرچاوڕوونی لەسەر هۆكار و ئەنجامەكانی سەردانەكە خستووەتەڕوو.
گفتوگۆکانى ئەم سەردانەی سەرۆکى حکومەت چۆن هەڵدەسەنگێنێت و باسى چى کرا؟
د. جوتیار عادل: ئەمجارە بەئامادەبوونی لیژنەی هونەری و تەكنیكی، بە وردی باس لەو بڕگانە كران كە ئاماژە بە ماف و پابەندبوونی هەردوولا دەدات؛ لەلایەن كەسانی شارەزای هەردوولا گفتوگۆیەكی ورد لەسەر ئەو بابەتانە كرا. ئەوەی جێی ناكۆكی بوون، گفتوگۆ كران و هەنگاوی باش لەو بابەتەدا نرا و توانرا هەندێك شت جێگیر بكرێت. بەڵام دیسانیش بابەتی دیكە ماوە قسەیان لەسەر بكەین. ئەنجامی ئەو سەردانە لەچاو كۆبوونەوەكانی ڕابردوو باش بوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرێز سەرۆكی حكومەت کە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەم گفتوگۆیانە بوو و هەر بابەتێك پێویستی بە گفتوگۆی یەكلاكەرەوە و گفتوگۆی شێلگیرانە بووایە، ئەوا سەرۆكی حكومەت خۆی سەرپەرشتی دەكرد. بەڕێز سودانیش، سەرۆكی حكومەتی عیراق، هاوكار بوو لەو خاڵانەی کە پیوێست بوو هەردوولایەن لەسەری ڕێكبكەون. ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و تەواو نەبووە و لیژنەكانیش بەردەوام كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم یاسایە وەك پڕۆژە لە حكومەتی عێراق و لە هەردوو شاندەكە تەواو ببێت و بچێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و لەوێش پەسەند بكرێت.
نووسینەوەى پڕۆژەى بودجە گەیشتە کوێ؟
د. جوتیار عادل: ئەمە یەكەمجارە حكومەتی هەرێم بەشداری نووسینەوەی ئەم پڕۆژەیە دەكات، ئەمەش كارێكی ناوازە بوو دوای ئەوەی هەردوو شاندەكە لە لایەنی تەكینیكییەوە كاریان تەواو دەبێت و دەچێتەوە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق؛ دوای پەسەندكردنی دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیراتی عیراق، دوای ئەوەش دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
باسی یاساى نەوت و گازى عێراق کرا؟
د. جوتیار عادل: پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لەنێوان یاسای بودجە و یاسای نەوت و گازی عێراقدا هەیە، ئەمەش گفتوگۆی لەسەر كرا، هەروەك دەزانین ئەو ڕێكکەوتنەی لەنێوان كوتلە سیاسییەكان كراوە، بووەتە بەشێك لە كارنامەی حكومەتەكەی سودانی، بۆیە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درا. خۆی لەخۆیدا باس لەیاسای نەوت و گاز دەكات كە پێویستە لە ماوەی ٦ مانگ ئەو یاسایە یاسای بۆ دابنرێت، لەوێ باس كرا، دەبێ بە هەماهەنگیی حكومەتی كوردستانیش بێت. لە نووسراوێكی حكومەتی عێراقیش دووپات كرایەوە ئەو بڕیارنەی كە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی هەردوولا، دەبێت بە ڕێكکەوتنی هەردوولا بێت، بێگومان بە ڕێكکەوتنی هەردوولا دادەڕێژڕێت و لە كۆبوونەوەكانی پێشتریش قسەی لەسەر كراوە بۆیە دەبێ بەڕێكەوتنی هەردوولا دەبێت هیوادارین لەوماوەی بۆ دانراوە بەیاسا بكرێت.
لەسەر ناردنى مووچەى فەرمانبەران چ بڕیارێک درا؟
د. جوتیار عادل: ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و دووبارە بابەتی ناردنی ٤٠٠ ملیارەكە وەكوو شایستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكرایەوە؛ لەم بڕوایەدام گرفت و بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەم بابەتە نەمابێت و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو بڕە پارەیە بۆحكومەتی هەرێم بنێردرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی کانوونی دووەمی