لە سلێمانی کوڕێک باوکی خۆی لە خەودا کوشت، دوای ڕاکردنی لە شوێنی ڕووداوەکە، لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، کەمێک پێش ئێستا (پێنجشەممە 12/1/2023) لە گەڕەکی (کانی کوردە)ی سلێمانی، کوڕێک باوکی خۆی لە خەودا کوشت.
باوکەکە تەمەنی 40 ساڵە، ئێستاش پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
ھەر لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات: “دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی ڕووداوێکی کوشتن ڕووی دا، دوای بەدواداچوونەکان دەرکەوت کە کوڕێک بە چەقۆ ھێرشی کردۆتە سەر باوکی و کوشتوویەتی و ھەڵاتووە، دوای گەڕان و بەدواداچوونەکانیش، توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان – نووسینگەی کوشتن تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.”
پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، ئێستا تۆمەتبار (ا، ھـ، ا ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.