شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

بەشیر حەداد: بەشێكی سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ جەختكردنەوەیە لە دەركردنی ژمارەیەك یاسا

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، کە ژمارەیەک یاسای گرنگ هەن کە لە دەستووردا جەختیان لەسەر كراوەتەوە، كەچی تا ئێستا دەرنەچوێنراون، یەکێک لەوانەش یاسای دادگای فیدراڵییە و پێیوایە كە بەشێكی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ جەختكردنەوەیە لە دەركردنی ئەو یاسایانە. 
رۆژی چوارشەممە 11ی 1ی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەردانێكی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجام دا و زنجیرەیەك دیداری گرنگی لەگەڵ هەریەك لە سەركۆمار، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای دیكە ئەنجام دا. 
لەمبارەیەوە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە خولی چوارەم راگەیاند: “یاسای دادگای فیدراڵی یەکێکە لەو چەند یاسایەی کە دەستوور جەختی لەسەر کردووەتەوە، دەبوو لە دوای ئەمانە دەرچوون یان دەنگدان بە دەستوور دەربچوێنرایە، بە مانایەکی دیکە تا ئێستا نیوەی ئەو یاسایانەی لە دەستوردا جەختیان لەسەرکراوەتەوە نیوەیان دەرنەچوێنراون، لەوانە یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، یاسای نەوت و گاز. پێشبینی دەكەم لە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت بۆ بەغدا داوایان کردبێت، کە یاسایەکی نوێی تەواو تۆکمە بە هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنەکان و هەرێم و بەغدا، بۆ دادگای فیدراڵی دەربچێت، بەوپێیە ئەو یاسایە هەم هەیکەلیەتی و هەم ئەندامەکانی و ئامانجەکانی و شێوازی کارکردنی دیاری بکرێ.“
باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی کە تەواوكەری دەسەڵاتی یاسادانانە لە عێراق، هەرچەندە لە دەستووردا جەختی لێ كراوەتەوە، كەچی ئەنجوومەنەكە دانەمەزراوە و یاسایشی بۆ دەرنەكراوە، لەبەر ئەوەشە دەڵێین دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق نیوەچڵە، چونكە ”ئەنجومەنی فیدراڵیمان نییە، پێموایە لەم سەردانەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، باسی ئەم بابەتەشی تێدا کرابێت.“
دكتۆر بەشیر حەداد باسیشی لەوە كرد كە ڕێككەوتنی شنگال لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، ”تا ئێستا بەهۆی رێگریی هەندێک گرووپ و لایەن کە پابەند نین بە یاسا و بڕیارەکانی حکوومەت، ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق وەک ئەرکێکی دەستووری و یاسایی لەسەری پێویستە کار بۆ سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکات. سەردانەكە لەم ڕووەشەوە ڕۆڵی خۆی دەبێت.“
جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد: ”پرسی کورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان یەکێکە لەو بابەتانەی لە هەموو سەردانەکان باسی لێوەکراوە، لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی سودانی شاندی کوردستان ئەو بابەتەیان باسکردووە، رێککەوتنی سیاسیش دیسان هەیە، لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی سوودانیش ئاماژەی پێ دراوە، ئەم بەڵێنە هەم چوارچێوەی هەماهەنگی داویەتی، هەم سوودانی خۆشی لەسەروبەندی کابینەکەی دای، بۆیە پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە، بە بیری لایەنی بەغدا بهێنرێتەوە كە ئەمە رێککەوتنی خۆمانە و پێویستە جێبەجێ بکرێت، دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی ماددەی 140 بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی مادەیەکی دەستوورییە و رێککەوتنێکی سیاسیشی لەسەر كراوە، ئەرکێکی دەستوری و یاساییە لەسەر حکوومەتی عێراقیش کە پێویستە جێبەجێی بکات.“