ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، کەرتی گەشتیاری بە نێودەوڵەتی دەکرێت

شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمێکی نەرویجی، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆرانیان کرد و ماستەرپلانی گەشتیاری ڕاگەیانرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: لەسەرڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کەرتی گەشتیاری بە نێودەوڵەتی دەکرێت و چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێن.

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مانگی ئەیلوولی ساڵیڕابردوو سەردانی ئیدارەی سۆرانی کرد، بڕیار لە بارەی ئامادەکردنی ماستەرپلانێکی گەشتیاری مۆدێرن درا. ھەر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، تیمێکی بیانی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو ناوچەیان کردوو و بڕیارە چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن.
ئیدارەی سۆران بەھۆی ھەڵکەوتەی جیۆگرافی و ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری ناوچەی گەشتیاری، ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق و کوردستان پێک دێنێت، ھەروەھا ٨٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەموو پارێزگای ھەولێر لەخۆ دەگرێت.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا،ڕایگەیاند: ئیدارەی سۆران شوێنێکی گەشتیارییە، بەشێکی گرنگی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر پێک دەھێنێت. بۆ ئەم مەبەستە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، کە لە دواین سەردانی بۆ ئەم دەڤەرە چەند شوێنێکیان بەسەرکردەوە؛ڕایگەیاند دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی گەشتیاری ببرێتە قۆناغێکی دیکە و ئاستی گەشتیاری بەرز بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی نەرویجی کە پسپۆڕن لە بواری دیزاینی گەشتیاری لە ناوچە شاخاوییەکاندا، سەردانی ناوچەکەیان کرد. لەم سەردانەدا ئەو شوێنە گەشتیاریانە بەسەر کرانەوە، بۆ ئەوەی ماستەرپلانێکی گەشتیاری بەشێوەیەکی مۆدێرن دابڕێژین و کەرتی گەشتیاری پێش بخەین و لە لۆکالییەوە بکەینە نێودەوڵەتی. ھەروەھا ھەوڵ دەدەین سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەکە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، دەشڵێ: بڕیار وایە لەلایەن ئەو تیمەوە ماستەرپلانەکە بە شێوازێکی مۆدێرن دیزاین بکرێت، دوای ئەوەش چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە ناوچەکە جێبەجێ بکرێن، بەوەش کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ.