شێروان زرار: چەند لایەنێکی سیاسی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، لەم ھەڤپەیڤینەدا دەڵێت: ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، دەبێت ھەر چی زووە ئەو کێشانەی بوونەتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردن، چارە بکەن. دەشڵێ: ھەڵوێستی سەرۆکی ھەرێم بەرز دەنرخێنین و جێگەی دەستخۆشییە و ئۆمێد دەکەین لە ھەوڵەکانی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنەڕێککەوتن و کاتێک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکەن.

  • کەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت؟
  • ئێمە بڕیار نادەین، سەرۆکایەتی ھەرێم کاتەکەی دیاری دەکات. ئێمە وەکو کۆمیسیۆن تەنھا لایەنی جێبەجێکارین. دەبێت لایەنەکانی دیکە کە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە مەرسوومی ھەرێمی دەربکەن و بڕیار لە دەستنیشانکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن بدەن، بەڵام بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمیسیۆن. ئەگەر پەرلەمانیش بیەوێت یاساکە بگۆڕێت ”بەتایبەتی پڕۆژەیەک ھەیە بۆ ھەموار کردنەوەییاسای ھەڵبژاردن”، دەبێت لەو ماوەیەدا کاری لەسەر بکەن و یەکلایی بکەنەوە و حکوومەتیش بوودجەی پێویست دابین بکات، کاتیش لەبەر دەستی کۆمیسیۆن بێت ئەوانە مەرجی سەرەکین بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت.
  • ئاستەنگەکانی بەردەم ھەڵبژاردن چین؟
  • ئاستەنگەکان دیارن، لایەنە سیاسییەکان تا ئێستە لەسەر کۆمەڵێک بابەت ڕێکنەکەوتوونە، لەوانە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کە کاتی تەواو بووە. لەسەر بابەتی ھەمواریی یاسای ھەڵبژاردن تێڕوانینی جیاواز ھەیە کە بە چ شێوەیەک بێت. ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، یان سێ بازنەیی؟لەسەر بابەتی پێکھاتەکان گرفت ھەیە. ڕێژەی ئافرەتان لە سەدا چەند دەبێت؟ تۆماری دەنگدەران بایۆمەتری عێراق بێت،یان تۆماری بایۆمەتری ھەرێمی کوردستان؟ ئەوانە دیارترین گرفتن کە تا ئێستە لایەنە سیاسییەکان لەسەری ڕێکنەکەوتوون.
  • کۆمیسیۆن چەند کاتی پێویستی ھەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات؟
  • بەپێی پەیڕەوی کۆمیسیۆن پێویستمان بە ٦ مانگە، بەڵام ئەگەر کاتی زیاتر لەبەر دەست بێت، بێگومان باشتر دەتوانین کارەکان جێبەجێ بکەین، لەوانە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دابینکردنی کەرەستەی لۆجستیی وەک: سندووقەکانی دەنگدان، کابینەی دەنگدان، لەگەڵڕاھێنان و ئامادەکردنی فەرمانبەران بۆڕۆژی ھەڵبژاردن؛ ئەوانە ھەموو کاری کۆمیسیۆنە و بەپێی ئەو خشتەی کە لەبەر دەستە لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێت ھەموو ئەو ئیش و کارانە بکرێن.
  • تا چەند گرنگە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت؟
  • زۆر پێویست بوو ھەڵبژاردن لەو کاتەی کە سەرۆکی ھەرێم دەست نیشانی کردبوو بکرایە، بۆ ئەوەی کوردستان لەو چەقبەستووەی تێکەوتووەڕزگار بێت. چونکە ھەندێک جار بەشێک لە وڵاتان پەنا دەبەنە بەر ھەڵبژاردن بۆ دەرباز بوون لە قەیراندیان کێشەیەک. بەپێی دەستوور و یاسایعێراق، ئەگەر بیانەوێت دەستوورێکی دیموکراسی بێت، دەبێت ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. لە بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەماندا درێژکردنەوەی ماوەی تەمەنی خۆیان، سێ خاڵیان نووسیوە،یەک لەو خاڵانە بریتییە لەوەی کە پێویستە لە ماوەی ئەمساڵدا ئامادەکاری تەواو بکرێت و سەرجەم کێشەکان لاببرێن و ھەڵبژاردن بکرێت، بۆیە بەپێی یاسای پەرلەمانیش بێت دەبێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت.
  • ئیرادە لەلایەن حیزبەکانەوە ھەیە کە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت؟
  • ئەگەر ئیرادە ھەبایە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرا، بەڵام دیارە ئەو ئیرادەیە نییە، ھیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی باسی لەوە نەکردووە کە نەیویستووە ھەڵبژاردن بکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵیڕابردوو سەرۆکی ھەرێم بە ئامادەبوونی UN چەندین جار لەگەڵ حیزب و لایەنەکان کۆبووە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆیدا بکرێت، بەڵام نەگەیشتنە ڕێککەوتن و ھەڵبژاردن نەکرا.
  • کەواتە وەکو کۆمیسیۆن ھەڵوێستی سەرۆکی ھەرێم چۆن دەبینن؟
  • ھەڵوێستی سەرۆکی ھەرێم بەرز دەنرخێنین، کاتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دیاری کرد. چەندین جار لەگەڵ حیزب و لایەنەکان کۆبووەوە، بەڵام لایەنەکان ڕێک نەکەوتن، ئۆمێد دەکەین لە ھەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لایەنەکان ڕێکبکەون و کاتێک دیاری بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکاری بکەین.
  • کۆمیسیۆن ماوەکەی بەسەر چووە دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردن؟
  • چوار جار نووسراومان بۆ پەرلەمان کردووە، دوا نووسراو لە دوا ڕۆژەکانی ساڵی ڕابردوو بوو. داوامان کردووە پەرلەمان ئەرکی یاسای خۆی جێبەجێ بکات و بابەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یەکلا بکاتەوە. ئایا ھەر ئەو ئەنجوومەنە دەبێت و دووبارە متمانەی پێ دەدرێتەوە، یان ئەنجوومەنێکی دیکە دەبێت؟ بۆیە ئەوە ئەرکی پەرلەمانە ئەو بابەتەیەکلا بکاتەوە، پێویستیشە لەو بابەتەدا پەلە بکات.