حکومەتی هەرێم منداڵانی بێسەرپەرشتی خانەکان دادەمەزرێنێت

 کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات “بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو منداڵانەی کە لە خانەی بێسەرپەرشتاندان و ١٨ ساڵیان تەواو کردووە، لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێن و لە هەمان کاتدا لەو یەکە نیشتەجێبوونانەش کە دروست دەکرێن بە بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکرێت.”
کوێستان محەمەد، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ”ئێمە نووسراومان بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد، بڕیاری دەرکرد ئەو منداڵانەی ١٨ ساڵ تەواو دەکەن، بۆ ئایندە یەکەی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت. هەروەها کە ١٨ ساڵ تەواو دەکەن، بۆ ئەوەی بژێوییان هەبێت، چونکە بە تەنیا یەکەی نیشتەجێبوون دادی ئەوەیان نادات کە بژێویان هەبێت، بۆیە بڕیاری داوە هەموو ساڵێک کە منداڵەکان ١٨ ساڵ تەواو دەکەن، لە خانەکان دابمەزرێن.”
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت: ”بەپێی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێمە ناوەکانمان ئاراستە کردووە، منداڵانی سێ ساڵی پێشوو هەمووی دامەزراون.”
کوێستان محەمەد ڕاشیگەیاند: ”ئەم بڕیارە بەردەوامی هەیە، بۆ ساڵێکی دیکەش لە خانەکان ئەو منداڵانەی ١٨ ساڵ تەواو دەکەن دادەمەزرێن، دوو ساڵی دیکە و سێ ساڵی دیکە ئەمە بەردەوامی دەبێت. واتە ئێمە توانیومانە منداڵەکان یەکەی نیشتەجێبوونیشیان بۆ دابین بکەین و کاریشیان هەبێت کە دابمەزرێن لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.”
بەپێی پەیڕەوی خانەكان، ئەو منداڵانەی ١٨ ساڵ تەواو دەكەن، دەبێت خانەكان بەجێبهێڵن. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە بەهۆی ئەوەی کە خێزانیان نەبووە و هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نەبووە، تووشی کێشە و تەنانەت تووشی تاوانیش بوون.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەوڵیداوە لە ڕێگەی کەسانی خێرخوازەوە ڕێگری لەوە بكات ئەو منداڵانە بکەونە سەر شەقام، بەڵام ئەوە نەبووەتە چارەسەر و بنبڕکردنی ئەو کێشانە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: ”كاتێك ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بڕیاری لەسەر درا، بە نووسراوێكی فەرمی داوامان لە سەرۆكی حكومەت كرد بەشێك بۆ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دابین بكات بە بێ بەرامبەر، ئەوەی بۆ ئەو منداڵانەی ١٨ ساڵ تەواو دەكەن، تا دەبن بە ٢٤ ساڵ و خاوەنی كار و ماڵی خۆیان، دوای ئەوانیش دەدرێت بەو منداڵانەی تر کە دوای ئەوان ١٨ ساڵ تەواو دەكەن، لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی لە ماڵەكانی داڵدەدانی ژنان ڕووبەرووی توندوتیژی بوونەتەوە، لەكاتێكدا كێشەكانیان یەكلایی بووەتەوە، بەڵام كەسوكارەكانیان وەریانناگرنەوە و هەندێكیان منداڵیشیان لەگەڵە؛ هەوڵ دەدەین لەهەمان كاتدا كاریشیان بۆ بدۆزینەوە.”
کوێستان محەمەد، ئاماژەشی بەوەدا کە دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەت بڕیارەكەی پەسەند كرد، ئەوان سەردانی دەستەی وەبەرهێنان دەکەن بۆ دانانی میكانیزمێک و چۆنیەتیی دابەشكردن و دیاریکردنی ژمارەی شوقەكان بۆ منداڵ و ئافرەتەکان و گوتیشی: ”دوای تەواوبوونی یەكەكانیش داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەین، دڵنیاشم ئەو داواكارییەش جێبەجێ دەكات، بۆ دانانی ناو ماڵ بۆ ئەوەی بەخواستی منداڵەكان بێت.”
کوێستان محەمەد ئاماژەشی بەوە کرد “لە ئێستادا لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ داواكارییەكانی هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆران، بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستیان بە شەڵتەری كاتی و خانەی بەساڵاچووان و منداڵان هەبێت، بۆیان دابمەزرێنین.”
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەم كابینەیەدا خانەكانی پارێزگای هەولێر، دهۆك و سلێمانی هەموویان نۆژەن كراونەتەوە و پێداویستییەكانیشیان بۆ دابین کراوە. لە شاری سلێمانیش خێرخوازێك خانەیەكی منداڵانی بۆ هەموو تەمەنەكان دروست كردووە و لە سیتەك، خانەیەكی بەساڵاچووان و لە هەولێریش خانەیەكی بەساڵاچووانی بۆ دروست کردوە

سوودمه‌ندانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ خانه‌كان


هه‌ولێر

 خانه‌ڕه‌گه‌ز كۆى گشتى
نێرمــێ
خانه‌ی كوڕان 5- 10 ساڵ17—–17
خانه‌ی كوڕان 10-15 ساڵ6—–6
خانه‌ی كوڕان سه‌روو 15 ساڵ4—–4
خانه‌ی كچان—–2121
خانه‌ی به‌ساڵاچووان و په‌ككه‌وته‌221234
كۆی گشتی7653129

سلێمانی   

 خانه‌ڕه‌گه‌ز كۆى گشتى
نێرمــێ
خانه‌ی كچان—–1717
خانه‌ی كوڕان 5-12 ساڵ17—–17
خانه‌ی كوڕان 12-1812—–12
خانه‌ی ساوایان7411
خانه‌ی بابان8—–8
خانه‌ی به‌ساڵاچووان311647
خانه‌ی په‌ككه‌وته19928
كۆى گشتى9446140

سوودمه‌ندان له‌ خانه‌كانی دهۆك

 خانه‌ڕه‌گه‌ز كۆى گشتى
نێرمــێ
خانه‌ی كوڕان   0 بۆ 4 ساڵ336
خانه‌ی كوڕانی سه‌روو 4 ساڵ64—–64
خانه‌ی كچان—–7676
خانه‌ی به‌ساڵاچووان و په‌ككه‌وته‌131124
مالا جڤین141024
كۆى گشتى94100194

سوودمه‌ندانی خانه‌كانی گه‌رمیان

 خانه‌ڕه‌گه‌ز كۆى گشتى
نێرمــێ
خانه‌ی به‌ساڵاچووانی حاجی ئاهو ( ئه‌هلی ) منداڵی بێسه‌رپه‌رشت8311
خانه‌ی به‌ساڵاچووانی حاجی ئاهو  ( ئه‌هلی)10111
كۆى گشتى18422    

سوودمه‌ندان له‌ خانه‌كان به‌پێی شاره‌كان

شوێنڕه‌گه‌زكۆى گشتى
نێرمــێ
هه‌ولێر7653129
سلێمانی9446140
دهۆك94100194
گه‌رمیان18422
كۆی گشتی282203485

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣