بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی باج دەخرێتە سەر مریشكی هاوردەكراو

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند بڕیارێكی بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆیی و بەبازاڕكردنی زیاتری بەرهەمە ناوخۆییەكان لە وڵات و دەرەوەی وڵات و پشتیوانیكردنی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دەركرد. كە دیارترینیان تاووتوێكردنی دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردەی مریشك و بە بازاڕكردنی بەرهەمی ناوخۆییە لە بازاڕەكانی دەرەوە. بڕیارەكان بریتین لەم خاڵانە:

یەکەم/ بڕیار لەسەر دیراسەکردنی بابەتی دانانی باج لەسەر مریشکی هاوردە، بەبڕێک کە گونجاو بێت لەگەڵ واقیعی بەرهەمی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرهەمی پڕۆژە پەلەوەرییەکان کە ئێستادا زیاتر لە ١٨٠٠پڕۆژەی بەمۆڵەت کاردەکات.

دووەم/ بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتەوە نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت، بۆ ‌ئەوەی جەخت لەوە بکرێتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاوردەکردنی هێلکەی تروکاندن نەدرێت، تەنیا لە ڕێگەی ئەو پڕۆژە هەڵهێنەرانەی کە مۆڵەتی وەزارەتیان هەیە ڕێگە بەهاوردەکردنی هێلکەی تروکاندن دەدرێت.

سێیەم/ بڕیاردرا کە لەگەڵ ئەو لیژنەیەی کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە، تایبەت بە بازاڕکردنی بەرهەمی مریشک و هێلکەی ناوخۆ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کە تێیدا خواردن ئامادە دەکرێت و گۆشتی مریشک بەشێکە لەو خواردنانە، بە تایبەتی بۆ وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ، پێشمەرگە، تەندرووستی، ناوخۆ، خوێندنی باڵا، پەروەردە، تاکوو بڕیار دەربچێت بەر لە نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی هەیانە، لەگەڵ ئەو لایەنانەی خۆراکیان بۆ دابین دەکات، بەرهەمی ناوخۆی گۆشتی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان و گوشتارگەکانی خۆماڵی وەربگیرێتەوە و بەکاربهێنرێن.

چوارەم/ بڕیار درا کە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیای دانا غاز بكرێت، بەمەبەستی دابینکردنی غازی پێویست بۆ پڕۆژە پەلەوەرییەکان و پاڵپشتیکردنیان بۆ کەمکردنەوەی تێچووی سووتەمەنی .

پێنجەم/ بڕیاردرا نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، تایبەت بە کاراکردنەوەی لیژنەکانی دیاریکردنی بەروبوومەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بە مەبەستی بەدواداچوونی پێویستییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان وە داواکارییەکانیان لەسەر بەرهەمی گۆشتی مریشک و هێلکە، بۆ ئەوەی لیژنەکان کارا بکرێنەوە و ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیان هەبێ بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی و پێویستیی بازاڕ و پێویستیی ناوخۆ و دیاریکردنی هاوردەی سنووردار .

شەشەم / دیراسەکردنی تایبەت بە دروستکردنی پڕۆژە پەلەوەریبەکانی گۆشت، تاوەکوو لە داهاتوودا بەپێی پلان پڕۆژەکانی پەلەوەری گۆشت دروست بکرێن، تا نەبنە مایەی زیان بۆ خاوەن پڕۆژە پەلەوەرییەکان.

حەوتەم/ بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیک تیمێک بە سەرپەرشتیی وەزارەت سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ بکات، بە مەبەستی جارێکی دی کاراکردنەوەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەر دوو وەزارەت هەیە، تایبەت بە بەبازاڕکردنی بەرهەمی مریشکی ناوخۆ و پڕۆژە پەلەوەرییەکان، کە بەرهەمێکی تەندروستە و داخوازییەکی زۆری لەسەرە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، وە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکان و لابردنی ڕۆتین و پێداچوونەوە بە خاڵەکانی یاداشتنامە هاوبەشەکەی نێوان هەردوولا.

هەروەها باس لەوە کرا کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وڵاتی ئیمارات قسە لەسەر بابەتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان کراوە، دوای ئەوەی کە تیمێکی تەکنیکی و ڕاوێژکاری لە ماوەی ڕابردوو لەنزیکەوە سەردانی پڕۆژە و کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە مەبەستی دڵنیابوون لە کوالیتیی بەرهەمی گۆشتی کوشتارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

لەلایەكی دیكەوە بڕیاردرا کە جارێکیتر لەگەڵ وەزارەتی دارایی هاوکاری و هەماهەنگی بکرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو ماددانەی کە بە پێی بڕیاری ژمارە (٧٩) ی ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵات دراوەتە وەزارەتمان بۆ کەمکردنەوەی تێچوونی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان، بەتایبەتی هاوردەکردنی بابەتەکانی سۆیا و پریمێکس لە دەرەوەی هەرێم کە ئێستادا لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.

لە خاڵێكی دیكەدا گشتاندن بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و بەڕێوەرایەتییەکانی سامانی ئاژەڵ، تایبەت بە چاودێریکردنی پڕۆژەکانی هەڵهێنەری جوجەڵە، کە پێویست دەکات بەفەرمی هێلکەی تروکاندن لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە هاوردە کرابێ بۆ جوجەڵە هەڵهێنەرەکانیان، کە سەرچاوەی دابینکردنی جوچکەن لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەت، بەپێی ڕاپۆرتی تیمەکانی بەدواداچوونی بەرێوەبەرایەتییەکانی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، تاوەکوو داتای ورد لەبەردەستدا بێ تایبەت بە هاوردەی هێلکە و بەرهەمی جوچکە و بەرهەمی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان.

ئەم بڕیارانە لە ئەنجامی كۆبوونەوەیەك دران كە ڕۆژی دووشەممە ، ١٩ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەری بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری كۆبوونەوە.

کۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ لەبارەی بەدواداچوون و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان و دەواجین و چارەسەری گرفتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە و گۆشت و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ و گرنگیدان بە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە کێڵگە پەلەوەریەکان كرابوو.