نەتەوەیەکگرتووەکان داوای جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنامەی شنگال دەکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 7 ساڵ بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگالدا تێپەڕیوە، بەڵام نەبوونی سەقامگیری و خزمەتگوزاری و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان وایان کردووە کە هێشتا زۆربەی کوردی ئێزدی ژیانی ئاوارەیی بە باشتر بزانن لە گەڕانەوە بۆ شنگال. هەرچەند بڕیارێکی حکوومەتی عێراقیش بۆ تاپۆکردنی خانووەکانی شنگال، بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدراوە، بەڵام هێشتا هەم ئەمریکا و هەمیش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەکەن.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پێشوازی لەڕاگەیێنراوی هاوبەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ تاپۆکردنی خانووەکانی کوردانی ئێزدی لە ناوچە جیاوازەکاندا.
شنگال، ناوچەیەکی کوردستانییە و گەورەترین ناوچەی نیشتەجێبوونی کوردانی ئێزدیییە، لە 2014 شنگال کەوتە بەر هێرشی تووندی چەکدارانی داعش و زیاتر لە شەش هەزار کەسیان لێ ڕفێنرا و بەشێکیان کۆمەڵکوژ کران .
ئەمریکا لەوبارەوە ڕایگەیاند: پێشوازی لە بڕیارە نوێکەی نەتەوەیەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق دەکەین بۆ هەوڵی گەڕاندنەوە و تاپۆکردنی خانووەکان لە شنگال، کە مافێکی سەرەتایی ئێزدییەکانە لە شنگال، شانازیش بەڕۆڵی ئەمریکا دەکەین لە دامەزراندنی بەرنامەی UNHABITAT لە ساڵی 2018دا کە بەوهۆیەوە دەتوانرێت هەزاران کوردی ئێزدی بگەڕێنەوە ناوچەکەیان.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێنراوە هاوبەشەی نەتەوەیەکگرتووەکان و عێراق، هەزاران خێزانی کوردی ئێزدی لە شنگال لە ساڵی 1975وە لە تاپۆکردنی خانوو و زەوییەکانیان بێبەش کراون، ئەوەش وەک بەشێک لە سیاسەتی تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکان لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعس.
جەنین پلاسخارت، نێردراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق پێشوازی لەو بڕیارە کرد و ڕایگەیاند: هەنگاوەکە دەکرێت ئارامی بۆ هەزاران ئێزدی بێنێت و وەکو مافێکی سەرەکی خانووەکانیان بە تاپۆکراوی بۆ بگەڕێنرێتەوە .
داواش دەکات ئەو هەنگاوە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ جێبەجێکردنی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال.
لە ساڵی 2018وە بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان UN-Habitat داوای مافی تاپۆ و پێدانی زەوییەکان بە کوردانی ئێزدی دەکات،زیاتر لە چواردە هەزار و پێنجسەد کەس لە شنگال باس لە دەستبەسەرداگرتن و بێبەشکردنیان لە مافی زەوی و خانووەکانیان دەکەن .
نوێنەرانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێن: تاپۆکردنی زەویی و خانووەکان بڕیارێکی باشە بەڵام لەوە باشتر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالە .
هەر بەپێی نوێنەرانی کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، هێشتا نیوەی زیاتری ئەو کوردە ئێزدییانەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون نەگەڕاونەتەوە شنگال،بەڵام ئەو بڕیارەڕەنگە هاوکار بێت بۆ گەڕانەوەیان .
ڕێککەوتننامەی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ئیمزا کرا. ڕێککەوتنەکە، بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو بۆ شنگال و بۆ ئەوەی کارگێڕییەکی یەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و ڕێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن. دوای ڕێککەوتننامەکە، شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و ڕێککەوتنەکەیان ڕەتکردەوە. حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال ڕۆڵیان بمێنێت؛ بەشێکی ئەو گرووپانەش سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن.
لە کانوونییەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق، بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، هیزی زیاتری ڕەوانەی شنگال کرد، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی ڕوویدا. لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەواڕایگەیاند: هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و رێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن، ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە.