ساڵی ٢٠٢٢ بە گوژمه‌‌ی چوار ملیار دینار،‌ ١٤٣ پڕۆژه‌ له‌ پارێزگای دهۆك جێبه‌جێكراوه‌

چواس خالید – هەولێر

پار له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، ته‌نیا له‌ سێكته‌ری شاره‌وانیدا ١٤٣ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی نزیك به‌ چوار ملیار دینار جێبه‌جێكراون‌. پڕۆژه‌كان له‌ سێكته‌ره‌كانی شاره‌وانی، ئاو و ئاوه‌ڕۆ، گه‌شتوگوزار و نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی بوونه‌.

٩ی كانوونی دووه‌م، پێگه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ كراو تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌ پارێزگای دهۆك بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌سه‌ر داهاتی داموده‌زگه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌ ساڵی ٢٠٢٢ و له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، ١٤٣ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و نۆسەد و حەفتا و یەک ملیۆن و شەش سەد و حەفتا و چوار هه‌زار دینار جێبه‌جێكراوه‌.
له‌و پڕۆژانه‌ی له‌ پارێزگای دهۆك جێبه‌جێكراون، به‌ گوژمه‌ی دوو ملیار و حەوسەد و دوانزە ملیۆن و شەست و هەشت هه‌زار دینار، ٦٤ پڕۆژه‌ له‌ سێكته‌ری شاره‌وانی جێبه‌جێكراون، ٧٧ پڕۆژه‌ش به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و دووسەد و سی و یەک ملیۆن و شەش سەد و پەنجا و شەش هه‌زار دینار، له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ جێبه‌جێ كراون. له‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزاریشدا، پار له‌ پارێزگای دهۆك پڕۆژه‌یه‌ك به‌ گوژمه‌ی یازدە ملیۆن و حەوسەد و پەنجا و یەک هه‌زار دینار ڕۆنراوه‌، هه‌ر له‌ پارێزگای دهۆك پڕۆژه‌یه‌كیش به‌ گوژمه‌ی شازدە ملیۆن و دووسەد هه‌زار دینار له‌ سێكته‌ری نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی بنیات نراوه‌.
هاوكات ئه‌و ١٤٣ پڕۆژه‌‌، ته‌نیا ئه‌و پڕۆژانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر داهاتی داموده‌زگه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون‌، كه‌ هه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٢٢دا، له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌ و له‌پارێزگای دهۆك ته‌واو كراون. ئێستاش ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دیكه‌ هه‌ن، كه‌ كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌.