زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی:بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، نەوجەوانانی بێسەرپەرشت دەبنە خاوەن مووچە و یەکەی نیشتەجێبوون

زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕایگەیاند: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت نەوجەوانانی بێسەرپەرشت دەبنە خاوەن مووچە و یەکەی نیشتەجێبوون. ئەو بڕیارە گۆڕانێکی باش بەسەر ژیانی ئەواندا دێنێت و دووبارە دەچنەوە ناو کۆمەڵگە، ئەوەش وا دەکات زیاتر متمانەیان بەخۆیان ھەبێت و لە داھاتوودا کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە. دەشڵێ: نزیکەی سیازدە ھەزار کەمئەندامی دیکە ھاوکاری داراییان بۆ بڕاوەتەوە، ئێستاش پازدە ھەزار کەمئەندامی دیکە تۆمار کراون. ئەگەر لیژنەکانی تەندروستی کارەکانی خۆیان تەواو بکەن، ئەوانیش ھاوکاری دارایی دەکرێن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو مێردمنداڵانە دەرکرد کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تەمەنیان گەیشتووەتە سەرووی ١٨ ساڵ. خەرج کردنی مووچەکانیان بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٩ دەبێت.

  • کێ سوودمەند دەبێت لە بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت؟
  • نەوجەوانانی ناو خانەکانی کوڕان و کچانی بێسەرپەرشت. ئەو خانانە لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک ھەن، ژمارەیان شەش خانەیە، سێ ھی کۆڕانن، سێیەکەی دیکەش ھی کچانن. بە گوێرەی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی ھەتا تەمەنی منداڵانی بێسەرپەرشت دەگاتە ١٨ ساڵی دەتوانن لەو خانانەدا بمێنەوە، دوای ئەو تەمەنە ئەوانە وەرناگیرێن و دەبێت ئەو خانانە چۆڵ بکەن. ھەندێک لەو کەسانە ماڵیان نییە، بۆیە نازانن بۆ کوێ بچن، لە ھەمان کاتدا ناتوانن ھیچ کارێک بکەن. داواکاری ئێمە لە سەرۆکی حکوومەت ئەوە بوو ئەو یەکانەی کە دەستەی وەبەرھێنان دروستی دەکات ژمارەیەک لەو یەکانە بدرێت بەو کەسانە، خۆشبەختانە ڕەزامەندی لەسەر درا و ئەو کەسانە لەو یەکانە سوودمەند دەبن. لە ھەمان کاتدا ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی حکوومەت بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندی ئەو کوڕ و کچانە دەرکرد، ئەویش ئەوە بوو ئەوانەی تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو دەکەن بە گرێبەست دادەمەزرێن و سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەبن. ئەو مێردمنداڵانەی بڕیارەکەی دامەزراندنیان بۆ دەرچووە، نابێت لە ھیچ دامودەزگایەکی حکوومەت مووچەی دیکەیان ھەبێت.
  • ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت چ لە ژیانی ئەوان دەگۆڕێت؟
  • گۆڕانێکی باش بەسەر ژیانی ئەواندا دێت، چونکە زۆرێک لەوانەی تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ نازانن بۆ کوێ بچن، ئەوانە یەکەی نیشتەجێبوونیان دەدرێتێ و دەبنە خاوەن نشیمەنیی خۆیان. لە لایەکی ترەوە ئەوانە ھیچ سەرچاوەیەکی داراییان نییە، نەیان دەتوانی دوای ئەو تەمەنە چۆن ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن. بەتایبەتی ئافرەتان، بۆیە ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگ بوو. ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن دووبارە دەچنەوە ناو کۆمەڵگە، لێرەدا ھەم دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون، ھەمیش دەبنە خاوەن مووچە. ئەوەش وا دەکات زیاتر متمانەیان بەخۆیان ھەبێت و لە داھاتوودا بتوانن کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئەوەش کاریگەری باشی لەسەر پاشەڕۆژیان دەبێت، ھەر بۆیە ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت ئەوانی زۆر خۆشحاڵ کردووە.
  • ئەم فەرمانە کەی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە؟
  • ئەم فەرمانە لە ڕێککەوتنی دەست بەکاربوونیان جێبەجێ دەکرێت. بۆیە نووسراو دەرچووە، بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی ھەر کاتێک رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بوون بۆیان ھەژمار دەکرێت و دەبنە گرێبەست.
  • سەرۆکی حکوومەت تا چەند ھاوکاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی دەکات؟
  • ئەگەر سەرۆکی حکوومەت ھاوکار نەبایە نەمان دەتوانی بەو شێوەیە کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین و خزمەتی چین و توێژەکانی سەر بە وەزارەتەکەمان بکەین؛ بەتایبەتی کەمئەندامان، سەرۆکی حکوومەت ئەوەی لەبەرچاو گرتووە و داواکاریەکان کە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین جێبەجێ دەکات. ئەوەی تایبەت بێت بە کارو دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، دەستەبەریی کۆمەڵایەتی کرێکاران پێویستی بە ئالییەت ھەیە ھەر لەبەر ئەوە سەرۆکی حکوومەت بۆ ئێمە ٣٠ کەسی دامەزراند، بۆیە ھەر شتێک بۆ خاوەن پێداویستییەکان و کرێکاران پێویست بکات دەکات.
  • ئەو چاکسازییانەی لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کراون چین؟
  • ئەو چاکسازییانەی کە پەیوەندی بە وەزارەتەکەمانەوە ھەیە، پێداچوونەوە بە دۆسیەی ھەموو فەرمانبەرانی وەزارەت کراوە. ھەروەھا ھاوکاری کەمئەندامان و کەسانی پێویست زیاتر لە جارێک کراوە و سوودمەند بوونە لە ھاوکاریەکان. لیژنە دروست کراوە بۆ ئەوەی پازدە ھەزار کەمئەندامی دیکە وەربگیرێن، ھەر لەو کابینەیەدا نزیکەی سیازدە ھەزار کەمئەندامی دیکە ھاوکاری داراییان بۆ بڕاوەتەوە. ئێستاش پازدە ھەزار کەمئەندامی دیکە تۆمار کراون. ئەگەر لیژنەکانی تەندروستی زوو کارەکانی خۆیان تەواو بکەن ناوەکانیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێن بۆ ئەوەی ئەوانیش ھاوکاری دارایی بکرێن. ھەروەھا لە بابەتی بایۆمەتری ئەو کەمئەندامانەی لە دەرەوەی یاسا سوودمەند بوون ناوەکانیان دەرھێناوە و کەسانی شایستە لە شوێنی ئەوان دانراوە، ئەوەی دیکە دروستکردنی ناسنامەیە بۆ کەمئەندامان.