هەتا شەش ساڵی دیسەدا٥٠ـی کارەبای هەرێم لە وزەی خاوێن بەرهەم دێ

وەزارەتی کارەبای هەرێم بەنیازە لەو شەش ساڵەدا نیوەی کارەبای هەرێم بکات بە وزەی خاوێن و مردەوژی.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، وزەی خۆر لە هەرێمی كوردستان لە بەردەم داهاتوویەكی باش و ژینگەیەكی لەباردایە بۆ پەرەپێدانی و پلانیشی هەیە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر.

بەپێی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی کارەبا، دەكرێت وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا سوودی لێ وەربگیرێت، تیشکی خۆر لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەیەکی باشی هەیە و دەکرێ سوود لە وزەکەی وەربگیرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، لە بەرنامەیدایە سوود لەم سەرچاوە پاک و خاوێن و بەردەوامە وەربگرێت كە پێویستی بە سووتەمەنی نییە و دۆستی ژینگەیە، “پلانیشی داناوە بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە بە دامەزراندنی سێ وێستگەی ٢٥ مێگاواتی و وەزارەتی كارەباش كار بۆ ئامادەكاردنی دەكات”.
ڕەوا محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری وزە نوێبووەكان لە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند ٢٠٪ ی بەرهەمی كارەبای هەرێمی كوردستان لە وزەی خاوێنە.
وتیشی: لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی هەردوو وزەی خاوێن و نوێبووەكان، دەگاتە نزیكەی نیوەی بەرهەمهێنانی كارەبا.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا جەختیشیکردەوە کە پشتبەستن بە وزەی خاوێن و نوێببوەوە دۆستی ژینگە و تەندروستییە و گرنگیەكی ڕادەبەدەری هەیە
لە تەواوی جیهاندا بەرهەمهێنان لە وزەی ناخاوێن بووەتە کێشەیەکی جیهانی و ژیانی سروشت و مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە، هەرێمی کوردستان بەجێبەجێکردنی ئەم پلانانەی تا ڕادەیوکی زۆرباش ڕزگاری دەبێت لەم کێشانەی کە جیهان بەدەستییەوە دەناڵینێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە دەیەوێت بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و سەرچاوەکانی دیکە کە بەوزەی خاوێن ناسراون زیاد بکات.
هەر بۆیە چەند پڕۆژەیەک لە ژێر جێبەجێکردندان و چەندینی دیکەش لە ژێر پلانداناندان، پلانە ستراتیژییەکە بەو شێوەیەیە لە ماوەی ٦ ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خاوێن لە رێژەی ٢٠٪ ەوە بەرز بکرێتەوە بۆ ٤٧٪.
ئێستا تەنیا ٦٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەمی وزەی خاوێنە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٨ پلانەکە بەو شێوەیەیە کە رێژەی بەرهەمهێنانەکە بەرز ببێتەوە بۆ ٥٩٣٠ مێگاوات کارەبا.
وەزیری کارەبا لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاندوە، “وەزارەتی کارەبا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویەتی ١٩٢٠ مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وێستگە و پرۆژە ژینگەپارێزەکانەوە بەرهەم بێنێت.”
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی ژینگە سوپاسی وەزیر و ستافی وەزارەتی کارەبای کردوە و ڕایگەیاندوە، وەزارەتی کارەبا لەکابینەی نۆدا توانیویەتی لە ڕێگای سێکتەری جیاواز کارەبا بەرهەمبهێنێت کە یەکێک لەمانە پڕۆژە ژینگە پارێزەکانی کارەبایە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێم دەڵێ، ئێستا کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ٣٥٢٥ مێگاوات کارەبا و له‌و ژماره‌یه‌ش پڕۆژە ژینگەپارێزەکانی کارەبا لە ٣٩٪ ی کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم پێک دێنن.