وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “بەمەبەستی پاڵپشتی نووسەران و بایەخدان بە چەند بابەتێک بۆ کتێبخانەی کوردی و خوێنەران، وەزارەتی پەروەردە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو نووسەرانەی کتێبیان هەیە و خزمەتی یەکێک لەم بوارانە دەکات کە دیاریکراوە، وەزارەتی پەروەردە ئامادەیە کتێبەکانیان بێ بەرامبەر بۆ چاپ بکات لە چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێر، بە تیراژی (٥٠٠) دانەو تەواوی کتێبەکانیش دەداتەوە بە نووسەرەکەی و ئەویش ئازادە لەوەی دەیبەخشێت یان نرخی لەسەر دادەنێت و مافی هەموو چاپکردنەوەیەکیش بۆ نووسەرەکەی پارێزراو دەبێت”.
هەروەها وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستووەتە روو کە بوارەکانیش بریتین لە:
١- ئەو کتێبانەی خزمەتی هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکەن .
٢- ئەو کتێبانەی خزمەتی زمانی کوردی دەکەن لە هەر بوارێکدا.
٣- ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری پەروەردە دەکەن.
٤- ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەن.
٥- ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری ژینگە و ژینگە پارێزی دەکەن.
ئاماژە بەوەش دراوە: “پێویستە نووسەر ژمارەی سپاردنی لە وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت و کتێبەکانیشی بە یەکێک لەم ئەندازانە دیزاین کرابن: (١٧سم پانی / ٢٤ سم درێژیی ) یان ( ٢١سم پانی / ٢٩ سم درێژیی)”.
جەختیشکراوەتەوە: “پاش وەرگرتنی ژمارەی سپاردن و دیزاین کردن، دەتوانن بەرهەمەکانتان بنێرن بۆ بەڕێز مامۆستا (جەبار جەمال غەریب)، ڕاوێژکاری وەزارەتی پەروەردە کە رامانسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم دەستپێسخەرییە لە رێگەی ئەم ئیمەیلەوە: parwarda@moe.gov.krd