سه‌ربه‌ست له‌زگین: یه‌كێتی وه‌كو پێویست رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێنه‌كردووه‌

به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، یه‌كێتی وه‌كو پێویست رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێنه‌كردووه‌. گوتیشی، یه‌كێتی زیاتر له‌ “ئیستحقاقی” خۆی پۆستی له‌نێو كابینه‌ی نۆیه‌مدا وه‌رگرتووه‌.  

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (9ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، سه‌ربه‌ست له‌زگین، به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یاند، “ئه‌گه‌ر ئێستا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك لهو رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژوو كراوه‌ بكه‌ین، ده‌بینین یه‌كێتی وه‌كو پێویست پابه‌ندی ئه‌و بنه‌ما و خاڵانه‌ی نێو رێككه‌وتنامه‌كه‌دا هه‌ن نه‌بووه‌ و، ئێمه‌ وه‌كو پارتی نیگه‌رانیی زۆرمان له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌”.

گوتیشی، “رێككه‌وتنامه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌باره‌ی پێكهێنانی  كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌زیاده‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌، چونكه‌ ئه‌و پۆستانه‌ی یه‌كێتی له‌نێو حكومه‌ت وه‌ریانگرتووه‌، زۆر زیاترن له‌و پۆستانه‌ی به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆی دیاریكرابوون”.

سه‌ربه‌ست له‌زگین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌موو كاتێك ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆببنه‌وه‌ و گفتوگۆبكه‌ن. ناوبراو، یه‌كێتی به‌ هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی پارتی ناوبرد و به‌پێویستی ده‌زانێت كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكرێن.