رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتە ٢٥%

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی هەژاریی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند پتر لە ٢٥%ی کۆی دانیشتووانی عێراق، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وێڕای ڕاگەیاندنی ڕێژەی هەژاری باسی لە هۆی ئەو زۆر بوونە کردووە و گوتویەتی کاردانەوەکانی پەتای کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و سستبوونی چالاکییە ئابوورییەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک هەبووە و لەگەڵ ئەمەشدا دابەزینی نرخی نەوت و وەستانی پڕۆژەکانیش هێندەی تر دۆخەکەیان شپرزە کردووە.
ئەو، ئاماژەی داوە لەلایەن ناوەندی ئاماری وەزارەت دەست بە ئامادەکاری کراوە بۆ دەستپێکردن و جێبەجێکردنی ڕاپرسی لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکان لە عێراقدا، ئەمەش زانیاری نوێ لەسەر هێڵی هەژاری و بێکاری دەردەخا.
ئەو ئامارە لەکاتێکدا خراوەتە ڕوو کە داهاتەکانی عێراق لە هیچ ساڵێکدا هێندەی ساڵی ٢٠٢٢ زیادیان نەکردوە و ئەگەر عێراق کارگێڕییەکی باشی حکوومەتێکی بەرپرسیاری هەبوایە، دەبوو بەرپرسیار ڕێژەی هەژاریی دابەزێنرێت و ژیانی هاووڵاتییان خۆشتر بکرێ بەڵام پێچەوانەکەی ڕووی داوە.
حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا داهاتێکی زۆری لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتووە و ئەو داهاتە زۆرەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی یەدەگی دراوی عێراق بۆ پتر لە سەد ملیار دۆلار.
ساڵی ٢٠٢٢ تا نزیکەی سێ مانگ بەر لە تەواوبوونی ساڵەکە، عێراق حکوومەتی کاربەڕێکەری هەبوو و حکوومەتی نوێش بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی نەک نەیتوانیوە دۆخی ئابووری عێراق بەرەو پێش بەرێت بگرە ماوەیەکە بەهای دینار بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بە سەد و پەنجا و حەوت هەزار دینار دەفرۆشرێت.
دابەزینی بەهای دینار ئەگەر بە خێرایی پێشی پێ نەگیرێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان لە بازاڕەکانی عێراقدا. لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا خەڵک دەبێ بە نرخێکی گرانتر شتومەک و پێداویستی ڕۆژانە دابین بکەن لە کاتێکدا مووچەکانیان جێگیرە. گرانتربوونی نرخی شتومەک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزکردنەوەی زیاتری ڕێژەی هەژاری هەیە.
لە ڕاستیدا هۆیە هەرە سەرەکی بەرزبوونەوەی هەژاری گەندەڵییە و ماوەی ڕابردوو لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا نزیکەی سێسەد و پەنجا ملیار دۆلاری عێراق بە قاچاغ چووەتە دەرەوە.
عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت و ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی شەفافیەتی داراییەوە، ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی خستییە ڕیزبەندی ١٥٧ەمین وڵات.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتوویەتی ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی ستراتیژییەک دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هەژاری لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا. وەک خستوویەتە ڕوو، بەهۆی پلانەکە دۆخی هەژارەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو دەگیرێت و پێداویستییەکانی ژیانیان لە بواری تەندروستی و نیشتەجێبوون و پەروەردە و باشترکردنی داهاتیان بۆ جێبەجێ دەکرێ. جگە لەمە، حکوومەت کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی کەمداهات و هەژاران.
زۆربەی حکوومەتەکانی عێراق بەڵێنی گەورەیان بە خەڵک داوە بۆ ئەوەی ژیانیان باشتر بکەن و خزمەتگوزاری زیاتریشیان پێشکەش بکەن سەرەڕای ئەوەی کە گیرفان و خەزێنەشیان پڕ بووە بەڵام لەراستیدا تا گەندەڵیی بنبڕ نەکرێ و کارگێڕیی بەڕێوەبردن بەهێز نەکرێت، دەبێ چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی زیاتری ڕێژەی هەژاریی لە وڵاتێک بکرێ کە بە دووەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی ئۆپێک هەژمار دەکرێت.