وەزارەتی ناوخۆ هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک تووندتر دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت و کۆنترۆڵکردنی، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکارەکان تووندتر کراون و لەمەودوا ئەو چەکانەی بە دەستی خەڵکەوەن دەبێت تۆمار بکرێن .

لە ڕۆژی یەکشەممەوە نووسینگەکانی وەرگرتنی چەک و تۆمارکردنیان لە هەرێمی کوردستان کرانەوە، لەمەودوا و تاوەکو تەمموزی ئەمساڵ ئەو نووسینگانە بۆ تۆمارکردنی چەکی ئاگرین دەکرێنەوە هەر کەسێک چەکەکەی تۆمار نەکرێت و بە قاچاغ دادەنرێت و سزای لەسەرە .
بەپێی ئامارێکی ساڵی ڕابووردووی وەزارەتی ناوخۆ، 1300 چەکی بێ مۆڵەت دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێ :دوای ئەوەی ماوەی ساڵێک دانرا لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت، دەست بە پرۆسەکە کراوە بە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەم لە ڕێگەی 14 لیژنەوە لە نێوان دوو وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش بۆ داماڵینی چەکی جەنگی و ڕادەستکردنی بە حکومەت، بنکەی تایبەت لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان هەن بۆ داماڵینی ئەو چەکانە. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش 40 نووسینگە هەن بۆ تۆمارکردنی چەک؛ لە هەولێر ٨ بنکە و لە سلێمانی ١١ بنکە و لە دهۆک ٧ بنکە هەن. هەروەها لە هەڵەبجە چوار، لە گەرمیان سێ و سۆران چوار بنکە و زاخۆش بنکەیەکی لێیە بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانە. بڕیاریشە دوای ئەو قۆناغە لە قۆناغی دووەمدا ٨ لیژنەی دیکە پێک بهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندن و پێویستی هەبوونیان لای هاووڵاتییان بە گوێرەی یاسای ژمارە دووی ساڵی 2022.
بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە، دەبێت هەڵگری چەک تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، هەروەها پێشینەی تاوان و کێشەی دیکەی نەبێت، پاساوەکەیشی بۆ هەڵگرتنی چەک گونجاو بێت، بەپێچەوانەی ئەوە چەکەکە لە خاوەن چەک وەردەگیرێتەوە و وقەرەبوو دەکرێتەوە.
تاوەکو تەمموزی ئەمساڵ مۆڵەت هەیە بۆ تۆمارکردنی چەکەکان لەو ٤٠ بنکەیە لەدوای ئەو وادەیە وەکو قاچاغ دادەنرێت و سزاکەشی زنیدانییە.
ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر 1300 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتبوو،چاوەڕێ دەکرێت لە دوای ئەو پرۆسەیەشەوە کە تۆمارکردنی چەکەکانە کۆنترۆڵی چەک لە هەرێمی کوردستان بچێتە قۆناغێکی دیکە و هەنگاوی باش ببڕێت .
یەکێک لە نیگەرانییەکانی خەڵک و حکومەتیش بوونی تاوانکردنە بەو چەکە بێ مۆڵەتانە، لە دوای ئەو قۆناغانە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت ، بەپێی ئاماری پۆلیسی هەولێر تاوانەکان لە 2022 بە بەراورد بە 2021 کەمیکردووە .
هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: ساڵی 2021 لە هەولێر دوازدە هەزار و شەش سەد و چل و پێنج تاوان تۆمارکران، بەڵام لە 2022دا حەوت هەزار و شەش سەد و حەفتا و هەشت تاوان تۆمارکراون، واتە ڕێژەی تاوان ٪40 کەمیکردووە ، هاوکات لە هەولێر بە تەنیا 9446 کەس دەستگیرکراون لەسەر تاوانی جیاواز،333 کەس خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوون.