ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: ژیانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان زۆر لە عێراق باشترە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: دۆخی پێکهاتەکان لە عێراق و ناوچە کوردستانیەکان خراپە و ژیانیان لە مەترسیدایە و پێچەوانەی هەرێمی کوردستانە، هەر بۆیە ئامادە نین بگەرێنەوە. دەشڵێ: وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوە نین کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین کورسی کۆتاکان زیاد بکرێت، چونکە بە هەبوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان وڵاتان زیاتر گرنگی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەگەر هەر لایەنێک داوای کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان بکات، ئەوە پاشەکشەیە لە دیموکراسیەت.

لەیاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، باسی پێکهاتەکان کراوە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانی، هەروەھا پێکهاتە ئایینییەکانیش بریتییە لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەهائی و سابیئە لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە هەیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی هەیە.

  • چ وای کردووە پێگەی هەرێمی کوردستان لای وڵاتان ئەوەندە گرنگ بێت؟
  • پێگە سیاسییەکەی، ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە، ھاتنی بەرپرسان و سەرۆکی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆری هەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەبێ جیاوازی گرنگی بە هەموو پێکهاتەکان دەدات، ئەمەش بۆ وڵاتان زۆر گرنگە، وای کردووە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەھێزتر بێت.
  • رەوشی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟
  • لە دەستپێکی کارەکانماندا لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی کۆبووینەوە و گوێمان لە گرفت و خواست و داواکارییەکانیان راگرت، لە بەدواداچوونەکانمان دەرکەوت لە هەرێمی کوردستان رەوشی پێکهاتەکان زۆر لە ناوچە کوردستانییەکان و ناوچەکانی عێراق باشترە، گرنگە کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارە بکرێت، چونکە پێکهاتەکان لەو ناوچانە زۆر کێشەیان هەیە، بەردەوام ھێرشیان دەکرێتە سەر لێناگەڕێن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمە لە کاتێکدایە ئامادەبوونی ئەوان لەو ناوچانە گرنگە، بۆیە دەبێت کێشەکانیان چارە بکرێت و وەکو خەڵکی دیکە بە ئاسایی بژین و بە مافەکانی خۆیان بگەن.
  • تا چەند وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکان بەدواداچوونی بۆ کێشە و گرفتەکانی پێکهاتەکانی کردووە؟
  • مەلەفی پێکهاتەکان لەناو حکوومەتە، وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکان هەیە، دەورێکی باشمان هەیە لە گەیاندن و چارەکردنی کێشەی پێکهاتەکان، لە هەمان کاتدا حکوومەتی هەرێم زۆر گرنگی بە پێکەوە ژیان دەدات، بەرگری لە پێکهاتەکان دەکات، ئەمەش گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە چاودێری کێشە و گرفتەکانی پێکهاتەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بەرگریان لێ بکەین و کێشەکانیان چارە بکەین.
  • پێکهاتەکان چ کێشەیەکیان هەیە؟
  • هەر کێشەیەکیان هەبێت لە رێگەی وەزارەتی کاروباری پێکهاتەکان چارە دەکرێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بۆ پێکهاتەکان کراوە، لە عێراق نەکراوە، پێویست دەکات لە عێراقیش گرنگی بە پێکەوەژیان بدرێت، وەکو هەرێم مافەکانیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بژین، بەتایبەتی وەزارەتێک بۆ کاروباری پێکهاتەکان هەبێت، بۆ ئەوەی گرنگی بە پێکەوەژیان بدات، چونکە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق گرنگیی زۆر زیاتر بە پێکهاتەکان دراوە، ئەمەش وای کردووە وڵاتان گرنگیی زیاتر بە هەرێمی کوردستان بدەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێم باشتر بکەن و سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیەک چاو و بێ جیاوازی سەیری هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو مافێکیشی پێ داون، لە عێراق ئەو گرنگییە بە پێکهاتەکان نەدراوە.
  • وەکو پێکهاتەکان چۆن دەڕوانە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا؟
  • وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەداین کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکرێن، بۆ ئەمەش دەبێت بەغدا مراعاتی رەوشی هەولێر بکات، دەبێت مافی خەڵکی کوردستان بە تەواوەتی بدات، شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان رەوانە بکات، چونکە ئەو مافانە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراون، ئەوەی ئێستە عێراق دەیکات پێچەوانەی دەستوورە.
  • ئێوە لەگەڵ ئەوەن لە کوردستان کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، کە هەندێک لایەن داوا دەکەن؟
  • وەکو پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوە نین کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین کورسی کۆتاکان زیاد بکرێت، چونکە بە هەبوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان وڵاتان زیاتر گرنگی بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەدەن ئەگەر هەر لایەنێک داوا بکات کورسی کۆتاکان کەم بکرێتەوە، ئەوە پاشەکشەیە لە دیموکراسیەت.
  • تا چەند گرنگە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت؟
  • زۆر گرنگە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەمەش دەبێت هەرچی زووە لایەنەکان رێک بکەون و کاتێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە نوێنەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن”.