سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ چوار تۆمەتباریان دەستگیر كرد كە هاووڵاتییەكیان له‌نێو هۆتێلێك دەستبەسەر كردبوو .

پۆلیسی سلێمانی ڕایگه‌یاند: دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار کرد لە چەند تۆمەتبارێك بەوەی كە لە هۆتێلێكدا دەستبەسەریان كردووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كرد و توانرا چوار تۆمەتبار دەستگیر بكەن كە بەڕێوەبەر و كارمەندانی یەكێك لە هۆتێلەكانی ناو شاری سلێمانین.

ڕاشیگه‌یاند: لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەرده‌وام بوو سەرەنجام دەركەوت كە ئەو تۆمەتبارانە بێ‌ گەڕانەوە بۆ پۆلیسی سلێمانی و تۆماركردنی سكاڵا، هەستاون سكاڵاكاریان دەستبەسەر كردووە بە هۆكاری نەدانی پارەی کرێی مانەوەیان لە هۆتێلەكە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لە ئێستادا هه‌رچوار تۆمەتبار (ا ه، س ك، ع ن و، س ع) بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش ئەوەی ئاشكرا كردووە كە پێشتریش هاووڵاتی تریان لەناو هۆتێلەكە دەستبەسەر كردووە