سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بەهمەن کاک عەبدوڵڵا: ماڵپەڕی شەفافیەتی قوباد تاڵەبانی بە دەردی رێگای کەلار – سلێمانی چوو

بەهمەن کاک عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەپرسێ ئاخۆ ماڵپەری شەفافییەتەکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت چی لێ هات؟ ئەی بابەتی 20 ملیۆن دۆلارەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە کوێ گەیشت؟

ئەو پەرلەمانتارە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: “وەک پەرلەمانتارێک دەپرسم ئەرێ ماڵپەڕی شەفافیەتەکەی جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆ شەفافیەتی داهاتی زۆنی سەوز چی لێ هات؟ دەڵێن چوار پێنج ڕۆژە کڕ و بێ دەنگە ئەی بابەتی 20 ملیۆن دۆلارەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە کوێ گەیشت؟”
بەهمەن کاک عەبدوڵڵا دەشڵێ: “جا دەڵێن گوتویانە حکوومەت شکستی خواردوە، نازانم مەبەستیان کام حکوومەتە؟ ئەوەی کە خۆیان نیوەیان تووشی شەلەل کردووە یان حکوومەتەکەی مۆزەمبیق؟ ئەی ئەو بابەتەی دۆلاری سپی و دۆلاری شینەی سلێمانی چییە؟”
هەروەها نووسیویەتی: “ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو، جێگری سەرۆکی حکوومەت هاتە سەر قەڵای شێروانە لە کەلار و دوو سایدی کەلار سلیمانی کردە کەلار باوەنوور و گوتی وەک چۆن وەعدمان پێتان دابوو تەواومان کرد، ئەوە ساڵ و نیوێک بەسەر ئەو قسەیەشی تێپەڕی و کەلار – باوەنووریش هێشتا بە تەواوی تەواو نەبووە، ماڵپەڕی شەفافیەتەکەش بەدەردی رێگای کەلار – سلێمانی چوو.”
ئاماژەی بە ئەوەش داوە: “دەڵێن ئەو چاکسازیەشیان کە لە دیسکۆ و مەلهاکان کردیان بۆ پاراستنی ئادابی گشتی، قومارخانە شمول ناکات.”
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشپرسێ، دەبێت خەڵکی زۆنی سەوز چ تاوانێکیان کردبێت ئاوا “گیرۆدەی دەستی ئەو نیو حکوومەتە شەق و شڕە بوون و نە جادەیان جادەیە، نە کاسبیان کاسبی، رۆژی هەزار درۆیان بە گوێدا دەدەن.”