ەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێ، رەنگە بەمنزیکانە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، بەڵام تا ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
رێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 5ـی کانوونی دووەم) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردستان24 لەوێ ئامادەبوو رایگەیاند، “کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی پەیوەستە بە گفتوگۆکانی ئێستای نێوان ئەو دوو پارتە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکراشی کرد، رەنگە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گۆڕانکارییانەی یەکێتی دەیەوێت لە پۆستە حکومییەکانی بیکات، ئەنجام بدرێت.
گۆڕانکارییەکان
لە دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بڕیاریدا ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی کە پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیان هەیە، دەست لەکاربکێشنەوە. بەو پێیە هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کارەباری ئایینی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و زاگرۆس فەتاح کەمال بریکاری وەزارەتی پلاندانان، دەبێت دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و جێگرەوەیان بۆ دیار بکرێت.
هەروەها یەکێتی بەنیازە لەجێی شۆڕش ئیسماعیل، رێباز بێرکۆتی بکاتە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسکەری لە جێی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کارباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دابنێت